ناسنامە بۆ مردووان و ڤیزای ساختە؛ دەستەی دەستپاکی گەورەترین تۆڕی ساختەکاری لە دیوانییە هەڵوەشاندەوە


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ یەکشەممە 26ی تەمووزی 2026، دەستەی دەستپاکی فیدراڵی، هەڵوەشاندنەوەی تۆڕێکی ساختەکاری "مەترسیدار"ی لە پارێزگای دیوانییە راگەیاند، کە فەرمانبەران، پارێزەران و چەندین کەسی دیکە تێوەگلاون.


بەپێی بەیاننامەیەکی دەستەکە، تیمێکی نووسینگەی لێکۆڵینەوەی دیوانییە توانیویانە 13 تۆمەتبار لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی شارەوانی، باری شارستانی، پاسپۆرت و نیشتەجێبوون دەستگیر بکەن، ئەم تۆڕە تێوەگلاون لە ساختەکردنی بەڵگەنامە فەرمییەکان بە مەبەستی دەستبەسەرداگرتنی پارچە زەوی، وەرگرتنی قەرز و خەرجکردنی پارە بە شێوەی نایاسایی.

لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە کە 243 مامەڵەی وەرگرتنی قەرز لە رێگەی پشتگیری و بارمتەی ساختەوە بۆ 12 بانکی حکومی رەوانە کراون، هەروەها 13 پارچە زەوی بە شێوەیەکی نایاسایی دراونەتە کەسانی ناشایستە، جگە لەوانە، تۆڕەکە بەڵگەنامەی ساختەیان بۆ سەرفکردنی پارە لە لیژنەی ماددەی 140 بەکارهێناوە.

دەستەی دەستپاکی ئاشکرای کردووە کە دەستیان گرتووە بەسەر زیاتر لە 600 پشتگیری نیشتەجێبوون و وێنەی تۆماری ساختەدا کە ئاراستەی فەرمانگەکانی شارەوانی، بانکەکان و خانەنشینی کرابوون، هەروەها دەرکەوتووە کە ناسنامەی باری شارستانی بۆ کەسانی مردوو دروست کراوە و ڤیزای ئەلیکترۆنی وڵاتانی بیانی لە رێگەی دەستکاریکردنی "بارکۆد"ەوە ساختە کراون.

بەپێی خەمڵاندنەکان، بەهای ئەو خانووبەرە و قەرزانەی دەستکاری کراون لە 4 ملیار دینار تێپەڕی کردووە، و کۆی بەڵگەنامە ساختە دەستبەسەرداگیراوەکانیش گەیشتووەتە زیاتر لە 1000 بەڵگەنامە.

لە ئێستادا دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی دیوانییە بڕیاری داوە بە دانانی نیشانەی دەستبەسەرداگرتن لەسەر تەواوی ئەو خانووبەرانە و رێگری لە هەر مامەڵەیەکی یاسایی پێیانەوە کردووە، هاوکات بڕیاری بەندکردن بۆ تۆمەتبارەکان دەرچووە و لێکۆڵینەوەکان بۆ تەواوکردنی رێکارە یاساییەکان بەرانبەر هەموو تێوەگلاوەکان بەردەوامە.


AM:10:51:26/07/2026


ئه‌م بابه‌ته 64 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت