هەڕەشەی هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەت لە کۆڕەک تیلیکۆم دەکرێت؛ دەوڵەت داوای قەرزەکانی دەکات
وێستگەنیوز-
دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق ئامادەکاری دەکات بۆ گرتنەبەری زنجیرەیەک رێکاری یاسایی و جێبەجێکاری توند بەرانبەر کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم، ئەوەش بەهۆی نەدانی ئەو قەرزە زۆرانەی لەسەر کۆمپانیاکە کەڵەکە بوون.
بەلاسیم سالم جەنابی، سەرۆکی ئەنجومەنی ئەمیندارانی دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکان بە رۆژنامەی "الصباح"ی راگەیاندووە، کە لە ماوەی داهاتوودا رێکاری کردەیی بەرانبەر کۆڕەک تیلیکۆم دەگرنەبەر و ئەنجامەکانی بۆ رای گشتی بڵاو دەکەنەوە. ئاماژەی بەوەش کردووە کە پاراستنی مافە داراییەکانی دەوڵەت هێڵی سوورە و چاوپۆشی لێ ناکرێت.
لە لایەکی دیکەوە، مونا محەمەداوی، ئەندامی لیژنەی گواستنەوە و گەیاندن لە پەرلەمانی عێراق، جەختی لەوە کردەوە کە تا ئێستا بڕیاری کۆتایی لەسەر چارەنووسی کۆمپانیاکە نەدراوە، بەڵام هەموو بژاردە یاساییەکان لەبەردەستدان، وتیشی: "لیژنەکەیان رێگە نادات هیچ پێشێلکارییەک بەرانبەر سامانی گشتی و مافی هاوڵاتیان بکرێت و بەردەوام دەبن لە بەدواداچوون تا گەیشتن بە بڕیارێکی دادپەروەرانە".
سەبارەت بە رەهەندە تەکنیکی و یاساییەکانی کێشەکە، عەلی ئەنوەر عیسا، شارەزای بواری حوکمڕانی و ئاسایشی زانیاری، روونی کردەوە کە کۆڕەک تیلیکۆم لە رابردوودا لە رێگەی دادگاکانەوە هەوڵی داوە قەرزەکانی لەسەر لابرێت، بەڵام سەرکەوتوو نەبووە، ئاماژەی بەوەش کرد کە تەنها رێگە بۆ کۆمپانیاکە گەیشتنە بە رێککەوتن بۆ پێدانی شایستە داراییەکان بەپێی خشتەیەکی کاتی و بە قیست.
ئەو شارەزایە هۆشداریش دەدات، ئەگەر کۆمپانیاکە بەردەوام بێت لە سەرپێچی و پابەند نەبێت بە رێکارەکان، ئەوا دەستەی راگەیاندن دەسەڵاتی تەواوی هەیە مۆڵەتەکەی بە یەکجاری هەڵبوەشێنێتەوە، لەو حاڵەتەشدا، "کۆمپانیای نیشتمانی" وەک جێگرەوەیەک دەستبەکار دەبێت و شانبەشانی کۆمپانیاکانی دیکەی مۆبایل خزمەتگوزاری پێشکەش دەکات.
AM:10:04:26/07/2026
ئهم بابهته 236
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت