د. بڕیار ڕەشید: پێویستە وەزارەتی نەوت و سامانە سروشتییەکان بەپەلە بۆ چارەسەری گرانیی نرخی بەنزین کۆببنەوە
وێستگەنیوز-
بڕیار ڕەشید ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، بەپێی دەستوور دەبێت نرخی بەنزین لە زاخۆ تا بەسرە یەک بێت و جیاکاری نەکرێت؛ داواش دەکات وەزارەتی نەوت و سامانە سروشتییەکان بەپەلە بۆ چارەسەری گرانیی نرخ لە هەرێم کۆببنەوە.
بڕیار ڕەشید، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ وێستگەنیوز، ڕەخنەی توند لە شێوازی دابەشکردنی سووتەمەنی گرت و ڕایگەیاند، بەپێی دەستوور نەوت و گاز موڵکی هەموو گەلی عێراقە و نابێت نرخی بەنزین لە پارێزگاکانی هەرێم گرانتر بێت لە ناوچەکانی دیکەی عێراق.
ئاماژەی بەوەش کرد، تا ئێستا هیچ ڕوونکردنەوەیەکی ڕوونیان لا نییە کە وەزارەتی نەوتی عێراق لەسەر چ بنەمایەک (دانیشتوان یان پێداویستی) بەنزین و نەوت بەسەر پارێزگاکاندا دابەش دەکات.
وتیشی: کاتێک پرسیار لە وەزارەتی نەوت یان هەر دامەزراوەیەکی پەیوەندیدار دەکەین، لەبری وەڵامدانەوە، تۆمەتبارمان دەکەن بەوەی دەمانەوێت بە ئامانجیان بگرین و بە خراپ باسیان بکەین.
ئەو پەرلەمانتارە جەختی کردەوە لەوەی داکۆکی لە مافەکانی هاوڵاتییان دەکەن لە زاخۆوە تاوەکو بەسرە، گرنگە لێپێچینەوە لە هەر کەمتەرخەمییەک بکرێت، چ لە بەغداد بێت یان لە هەرێمی کوردستان.
بڕیار ڕەشید هەروەها ئاماژەی بە ماددەکانی 14 و 111ی دەستووری عێراق کرد و وتی، ماددەی 14 جەخت لە یەکسانی نێوان هاوڵاتییان دەکاتەوە، ماددەی 111ش دەڵێت نەوت و گاز موڵکی گەلی عێراقە بەبێ جیاوازی، بۆیە نابێت بە چەند نرخێکی جیاواز لە پارێزگاکاندا بفرۆشرێت.
PM:08:42:22/07/2026
ئهم بابهته 260
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت