بڕیارە لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە سەردانێکی فەرمی بگاتە تاران


وێستگەنیوز-

بڕیارە کۆتایی ئەم هەفتەیە عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە سەردانێکی فەرمی بگاتە تاران، ئەمەش ڕاستەوخۆ دوای گەڕانەوەی دێت لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.


ئەمڕۆ دووشەممە، 20ـی تەمووزی 2026، نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، عەلی فالح زەیدی پێشوازی لە محەممەد کازم ئالسادق، باڵیۆزی ئێران لە بەغدا کردووە، کۆبوونەوەکە تایبەت بووە بە ئامادەکارییە کۆتاییەکان بۆ ئەو سەردانە فەرمییەی کە بڕیارە سەرۆکوەزیران بۆ تارانی ئەنجام بدات.

بە گوێرەی ڕاگەیاندراوەکە، لە دیدارەکەدا، هەردوولا باسیان لە پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و چەسپاندنی ئاسایشی ناوچەکە کردووە.

هەروەها بڕیارە لە تاران کۆمەڵێک دۆسیەی گرنگ و هاوبەش تاوتوێ بکرێن بە مەبەستی فراوانکردنی ئاسۆی هاوکارییەکانی نێوان هەردوو وڵات.

ئەم جموجۆڵە دیپلۆماسییەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کاتێکدایە، دوێنێ یەکشەممە لە ئەمریکا گەڕاوەتەوە و لەوێ 48 ڕێککەوتن و یاداشتی لێکتێگەیشتنی واژۆ کردووە.

سەبارەت بە کاتی سەردانەکە، فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق ئاشکرای کردووە بڕیارە پێنجشەممەی ئەم هەفتەیە، شاندێکی باڵا بە سەرۆکایەتی زەیدی بگەنە تاران.

وەزیری دەرەوە جەختیشی کردووەتەوە لەوەی ئەم گەشتانە پەیوەندییان بە ڕاگرتنی هاوسەنگییەوە نییە، بەڵکو پلانێکی پێشوەختەیە و دوای تاران، سەرۆکوەزیران سەردانی تورکیاش دەکات.



PM:11:02:20/07/2026


ئه‌م بابه‌ته 304 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو