پەرلەمانی عێراق بڕیاری دامەزراندنی سەرۆکی ئەنجومەنی ڕاژە و جێگرەکانی هەڵوەشاندەوە
وێستگەنیوز ـ
ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە دانیشتنی ئەمڕۆیدا چەند بڕیارێکی دا، کە دیارترینیان هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری دامەزراندنی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی ڕاژەی فیدراڵی بوو.
پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە 19ـەی تەمووزی 2026، فەرمانگەی ڕاگەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند؛ پەرلەمانتاران دەنگیان دا لەسەر هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری دامەزراندنی سەرۆکی ئەنجومەنی ڕاژەی فیدراڵی و هەردوو جێگرەکەی.
بەپێی بەیاننامەکە، تەنها بە هەڵوەشاندنەوەی دامەزراندنەکان نەوەستاون، بەڵکو پەرلەمان ڕاسپاردەیەکی ئاراستەی حکومەتی عێراق کردووە، تاوەکو بە شێوەیەکی کاتی و بە وەکالەت، ئەرکی بەڕێوەبردنی ئەنجومەنی ڕاژە بسپێردرێت بە بەتەمەنترین ئەندامی ئەنجومەنەکە، تا ئەو کاتەی کەسانی نوێ بۆ ئەو پۆستانە دیاری دەکرێن.
لە درێژەی کارەکانی دانیشتنەکەدا، پەرلەمان بڕگەیەکی نوێی بۆ کارنامەی کۆبوونەوەکە زیاد کرد. ئەم بڕگەیە تایبەت بوو بە خوێندنەوەی ڕاپۆرتی لیژنەی ئاسایش و بەرگری سەبارەت بە ڕووداوی کوژرانی ڕاوچییەکی خەڵکی پارێزگای بەسرە، کە کاردانەوەی لە ناوەندە جیاوازەکاندا لێکەوتووەتەوە.
ئەم بڕیارانەی پەرلەمان لە کاتێکدایە کە چاودێران پێیان وایە گۆڕانکاری لە دامەزراوەیەکی وەک ئەنجومەنی ڕاژە، کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر پرۆسەی دامەزراندن و ڕێکخستنی میلاکاتی دەوڵەت دەبێت لە داهاتوودا.
PM:05:37:19/07/2026
ئهم بابهته 460
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت