7 بانکی عێراقی دەگەڕێنەوە بۆ نێو سیستەمی دارایی جیهانی
وێستگەنیوز-
حکومەتی عێراق و بانکی ناوەندی گەیشتنە لێکتێگەیشتنێکی نوێ لەگەڵ گەنجینەی ئەمریکا بۆ گەڕاندنەوەی ئەو بانکانەی پێشتر سنووردارکرابوون، ئەوەش وەک قۆناغی یەکەمی چاکسازی لە کەرتی بانکی و مۆدێرنکردنی سیستەمی دارایی وڵات.
ئەمڕۆ شەممە 18ی تەمووزی 2026، نووسینگەی راگەیاندنی عەلی فالح زەیدی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، دوابەدوای سەردانی فەرمیی سەرۆک وەزیران بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، پارێزگاری بانکی ناوەندی زنجیرەیەک کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی گەنجینەی ئەمریکا ئەنجامداوە و تێیدا بڕیاردراوە بانکە سنووردارکراوەکان بگەڕێنەوە بۆ کەناڵە بانکییە نێودەوڵەتییەکان.
بەپێی راگەیەندراوەکە، ئەو بانکانەی کە ستانداردەکانی پابەندبوون و حوکمڕانییان جێبەجێ کردووە، لە قۆناغی یەکەمدا دەتوانن بە دراوە بیانییەکانی تر (جگە لە دۆلار) مامەڵە بکەن، هەروەها ئاماژە بەوە دراوە کە ئەو بانکانەی قۆناغەکانی چاکسازی بە سەرکەوتوویی ببڕن، شایستەیی ئەوە بەدەست دەهێننەوە کە دوای تەواوکردنی رێکارەکان، مامەڵە بە دۆلاری ئەمریکیش بکەن.
پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق روونی کردەوە، لە ئێستادا 7 بانک مافی دەستپێکردنەوەی کارەکانیان لە چوارچێوەی دراوە جیاوازەکاندا هەیە و لە داهاتووشدا دەتوانن مامەڵە بە دۆلار بکەن.
ئەم بڕیارە بەشێکە لە ستراتیژی بانکی ناوەندی بۆ بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و دابینکردنی دارایی بۆ تیرۆر، هاوکات بانکی ناوەندی پابەندبوونی خۆی دووپاتکردەوە کە بەردەوام دەبێت لە چاودێریکردنی وردی بانکەکان و هەر دامەزراوەیەک پابەندی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان نەبێت، مۆڵەتەکەی هەڵدەوەشێتەوە یان مامەڵە نێودەوڵەتییەکانی رادەگیرێت.
PM:07:53:18/07/2026
ئهم بابهته 176
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت