عەلی زەیدی: عێراق پێویستی بە ئەزموونی رەوەندەکەیەتی و ئاسانکاری بۆ مامەڵەکانیان دەکرێت


وێستگەنیوز-

عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە واشنتۆنی پایتەختی ئەمریکا، دیدارێکی بەرفراوانی لەگەڵ نوێنەرانی رەوەندی عێراقی ئەنجامدا و جەختی لەسەر گرنگی رۆڵی ئەوان لە گەشەپێدانی ئابووری و ئاوەدانکردنەوەی وڵات کردەوە.


نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیران لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، دیدارەکە لە رۆژی 16ی تەمووزی 2026 لە شوێنی مانەوەی زەیدی لە واشنتۆن بەڕێوەچوو، کە تێیدا ژمارەیەک لە بازرگانان، راگەیەندکاران، پسپۆڕان، خوێندکارانی سکۆلەرشیپ و پیاوانی ئاینی ئامادەی بوون.

سەرۆک وەزیران لە میانی دیدارەکەدا ئاماژەی بەوە کرد، کە عێراق لە ئێستادا بەهۆی ئەو سەقامگیرییەی بەدەستهاتووە، زۆر پێویستی بە شارەزایی و ئەزموونی ئەو کەسانەیە کە لە دەرەوەی وڵات دەژین، وتیشی: "ئەو چاکسازییە هەمەلایەنانەی حکومەت لە بواری رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و هەمەجۆرکردنی ئابووریدا دەستیپێکردووە، ژینگەیەکی لەباری بۆ گەڕانەوەی رەوەندی عێراقی رەخساندووە".

زەیدی داوای لە بازرگانانی عێراقی نیشتەجێی ئەمریکا کرد، سوود لە دەرفەتە نوێیەکانی وەبەرهێنان لە ناوخۆی عێراق وەربگرن و ببنە پردێک بۆ هاندانی کۆمپانیا ئەمریکییەکان تا بێنە ناو بازاڕی عێراقەوە، جەختیشی کردەوە کە حکومەت هەموو ئاسانکاری و ژینگەیەکی گونجاو بۆ سەرکەوتنی پڕۆژەکانیان دابین دەکات.

لە لایەکی دیکەوە بۆ خزمەتکردنی زیاتری رەوەندی عێراقی، سەرۆک وەزیران وەزارەتی دەرەوە و باڵیۆزخانە و کونسوڵخانەکانی عێراقی لە ئەمریکا راسپارد، کە هەموو ئاسانکارییەک پێشکەش بکەن بۆ خێراکردنی مامەڵەی دەرهێنانی پاسپۆرت، ناسنامەی نیشتمانی و بەڵگەنامە کونسوڵگەرییەکان.

لە کۆتایی دیدارەکەدا، سەرۆک وەزیران گوێی لە پێشنیار و داواکارییەکانی ئامادەبووان گرت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی راسپارد بەدواداچوونی ورد بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان بکەن، بە ئامانجی بەهێزکردنی پەیوەندی نێوان عێراقییەکانی دەرەوە و نیشتمانەکەیان.


AM:10:24:16/07/2026


ئه‌م بابه‌ته 108 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت