دەست بەسەر ملیاران دینار و بڕێکی زۆر زێڕی عەدنان جومەیلیدا گیرا


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ پێنجشەممە 16ی تەمووزی 2026، دادگای تاوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە عێراق، دەستبەسەرداگرتنی بڕێکی زۆر پارە و زێڕی لە دۆسیەی یەکێک لە بەرپرسە باڵاکانی وەزارەتی نەوت راگەیاند، کە بە شێوازێکی سەیر شاردراونەتەوە.


دادوەر زیا جەعفەر، دادوەری لێکۆڵینەوەی دادگای تاوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی ناوەندی رایگەیاند، لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکان لە دۆسیەی عەدنان جومەیلی، بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری پاڵاوتن، دەست بەسەر بڕی 25 ملیار دیناری عێراقی، 200 هەزار دۆلار و 4 کیلۆگرام زێڕدا گیراوە.

سەبارەت بە شێوازی شاردنەوەی ئەو سامانە، دادوەر زیا جەعفەر ئاشکرای کرد، کە بەشێک لەو پارانە لای ژمارەیەک کەس سپێردرابوون، بەڵام بەشەکەی تریان بە شێوەیەکی نهێنی لە ناو دیوارەکانی ژمارەیەک خانوودا شاردراونەتەوە و لەوێ دۆزراونەتەوە.

ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق جەختی کردووەتەوە کە رێکارە یاساییەکان و لێکۆڵینەوەکان لە دۆسیەی تۆمەتبار عەدنان جومەیلی بەردەوامن, ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵەکان دێت بۆ بەدواداچوونی دەسکەوتەکانی تاوان و ئاشکراکردنی هەموو ئەو کەسانەی لەم دۆسیەی گەندەڵییەدا تێوەگلاون.


AM:10:14:16/07/2026


ئه‌م بابه‌ته 116 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت