دەستەی دەستپاکی عێراق: 6 فەرمانبەر لە بازگەی هەولێر- کەرکوک دەستگیرکران
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ سێشەممە 14ی تەمووزی 2026، دەستەی دەستپاکی فیدراڵی عێراق، دەستگیرکردنی 6 فەرمانبەری لە دەروازەی گومرکی دارمان راگەیاند، کە دەکەوێتە نێوان هەردوو پارێزگای کەرکوک و هەولێر.
دەستەی دەستپاکی لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، ئۆپەراسیۆنی دەستگیرکردنی ئەو فەرمانبەرانە لەلایەن ستافەکانی نووسینگەی لێکۆڵینەوەی کەرکوک و بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگای ئاسایشی نیشتمانی ئەنجامدراوە، ئەمەش دوای ئەوەی تێوەگلانیان لە سەرپێچی پەیوەست بە ئەرکە وەزیفییەکان و سەرانەستاندن لە هاووڵاتییان سەلمێنراوە.
بەپێی زانیارییەکان، ئەو تۆمەتبارانە بە ئەنقەست مامەڵە گومرکییە فەرمییەکانی هاووڵاتییانیان رایی نەکردووە، سەرەڕای ئەوەی مامەڵەکان مەرجە یاساییەکانیان تێدابووە، مەگەر دوای ئەوەی خاوەن مامەڵەکانیان ناچار کردووە بڕە پارەیەک وەک سەرانە بدەن لە بەرامبەر تەواوکردنی کارەکانیاندا.
دەستەی دەستپاکی ئاماژەی بەوەش کردووە، ئۆپەراسیۆنەکە بەپێی نووسراوێکی دادوەری ئەنجامدراوە و تۆمەتبارەکان رەوانەی بەردەم دادوەری لێکۆڵینەوەی تایبەتمەند کراون بۆ گرتنەبەری رێکارە یاساییەکان بەرامبەریان، ئەوەش بەپێی بڕگەکانی بڕیاری ژمارە 160ی ساڵی 1983.
AM:11:59:14/07/2026
ئهم بابهته 96
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت