لە کۆبوونەوەکەی دوێنێی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق باسی مووچەی هەرێم نەکرا
وێستگەنیوز-
ئێوارەی دوێنێ شەممە 11ی تەمووزی 2026، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق دەیەمین دانیشتنی ئاسایی خۆی بە سەرۆکایەتی عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیران ئەنجامدا، لە کۆبوونەوەکەدا چەندین دۆسیەی پەیوەست بە چاکسازیی کارگێڕی، دارایی و کەرتی خزمەتگوزاری تاوتوێ کران و بڕیاری پێویستیان لەبارەوە درا، بەڵام باس لە مووچەی هەرێم نەکرا.
لە گرنگترین بڕیارە کارگێڕییەکاندا، ئەنجومەنی وەزیران رەزامەندی دەربڕی لەسەر پێدانی دەسەڵاتی تەواو بە سەرۆک وەزیران بۆ گۆڕین یان گواستنەوەی بەڕێوەبەرە گشتییەکان و ئەو کەسانەی لە هەمان پلەدان لە سەرجەم دامەزراوەکانی حکومەت، ئەوەش لەسەر بنەمای راسپاردەی وەزیر یان سەرۆکی لایەنە پەیوەندیدارەکان، هەروەها بڕیاردرا دەسەڵاتی ئەنجومەنە وەزارییەکان سنووردار بکرێت و تەنها بۆیان هەبێت راسپاردە بۆ ئەنجومەنی وەزیران بەرز بکەنەوە بێ ئەوەی مافی بڕیاردانیان هەبێت.
لە کەرتی کشتوکاڵدا، ئەنجومەنەکە پلانی کشتوکاڵی هاوینەی بۆ 2026 لەسەر ئاستی پارێزگاکانی عێراق پەسەند کرد، کە ئەم پلانە هەرێمی کوردستانی عێراق ناگرێتەوە، هاوکات بڕیاری پێشووتر لەبارەی دواخستنی وەرگرتنەوەی پارەی ئاودێری لە جوتیاران هەڵوەشێنرایەوە و پێویستە جوتیاران ئەو قەرزانەی وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکان بدەنەوە.
سەبارەت بە پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون و خزمەتگوزاری، حکومەت رەزامەندی نیشان نەدا لەسەر پێدانی مۆڵەتی وەبەرهێنان بۆ پڕۆژەی (بیسان) لە نەینەوا و کار دەکرێت بۆ گواستنەوەی زەوییەکەی بۆ سەر میلاکاتی وەزارەتی دارایی، لە لایەکی دیکەوە، رەزامەندی درا لەسەر تەرخانکردنی بودجە بۆ تەواوکردنی قۆناغی یەکەمی بەرزەپردی رێگای بەغداد-حوڕ کەمالییە و نۆژەنکردنەوەی چەند مەزارگەیەکی ئاینی لە نەجەف، کەربەلا و دیالە.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەم هەنگاوانە لە چوارچێوەی بەرنامەی چاکسازی حکومەتدایە بۆ رێکخستنەوەی کارەکان و باشترکردنی ئاستی خزمەتگوزارییەکان لە وڵاتدا.
AM:09:51:12/07/2026
ئهم بابهته 164
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت