عەلی زەیدی دووشەممەی داهاتوو لە واشنتۆن دەبێت
وێستگەنیوز-
رۆژی دووشەممەی داهاتوو، عەلی زەیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق، بە یاوەریی شاندێکی گەورەی حکومی و پیاوانی کار، بەغدا بەرەو واشنتۆن جێدەهێڵێت، ئەم سەردانە کە بڕیارە هەفتەیەک بخایەنێت، بە دیدارێکی گرنگ لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و ئەندامانی کۆنگرێس دەست پێ دەکات.
یەکێک لە گرنگترین تەوەرەکانی سەردانەکەی زەیدی، گفتوگۆ دەبێت لەسەر ئازادکردنی یەکێک لە کەفالەتە داراییە بانکییەکانی عێراق کە لە لایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە دەستبەسەر کراوە و بڕەکەی بە نزیکەی 30 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت، ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی بەغدایە بۆ چارەسەرکردنی لێکەوتەکانی قەیرانی گەرووی هورمز و بەهێزکردنی هەناردەی نەوتی عێراق لە رێگەی دەروازە بەدیلەکان و وڵاتانی دراوسێوە.
بڕیارە رۆژی 17ی ئەم مانگە، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆنفرانسێکی فراواندا لە واشنتۆن بە ئامادەبوونی سەرکردەی وڵاتانی کەنداو بەشدار بێت، لەو کۆنفرانسەدا لێکەوتەکانی جەنگ لەگەڵ ئێران و رێگاکانی مامەڵەکردنی وڵاتانی کەنداو لەگەڵ ئەم دۆخەدا تاوتوێ دەکرێن، جگە لە باسکردنی پرسی "رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ" کە ئەمریکا کاری بۆ دەکات.
سەردانەکە تەنها لایەنی ئابووری ناگرێتەوە، بەڵکو دۆسیە ئەمنییەکان و رێککەوتننامەی ستراتیژی نێوان هەردوو وڵات بەشێکی سەرەکی دەبن لە گفتوگۆکان، عەلی زەیدی و بەرپرسانی ئەمریکا باسی داهاتووی بوونی سەربازیی ئەمریکا لە عێراق دەکەن، هەروەها پێشنیاری دامەزراندنی سندوقێکی دارایی عێراقی لە ناو خاکی ئەمریکا دەکرێت کە تایبەت بێت بە دابینکردنی بودجەی پڕۆژەکانی گەشەپێدان و ژێرخان لە عێراقدا.
ئەم سەردانە کە لەسەر داوای فەرمیی دۆناڵد ترەمپ و لەرێگەی نێردەی تایبەتی ئەمریکاوە رێکخراوە، وەک هەوڵێک بۆ دووبارە پێناسەکردنەوەی پەیوەندییەکانی بەغدا و واشنتۆن دەبینرێت بە شێوەیەکی روون و گشتگیر، بە جۆرێک کە بەرژەوەندییە ئابووری و ئەمنییەکانی هەردوولا بپارێزێت.
PM:10:05:11/07/2026
ئهم بابهته 100
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت