دیلان غەفور: عێراق لە قەیرانێکی قورسی دارایی دایە


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ شەممە 11ی تەمووزی 2026، دیلان غەفور، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەفراکسیۆنی یەکێتی ئاشکرای کرد، بەهۆی گرفتەکانی فرۆشتنی نەوت و داخرانی گەرووی هورمز، داهاتی وڵات بە شێوەیەکی بەرچاو کەمبووەتەوە و حکومەت بۆ رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی دارایی، کار لەسەر شەش پڕۆژەیاسای نوێ دەکات.


ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوە کرد، لە کۆبوونەوەی هەفتەی رابردووی وەزیری دارایی لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمان، بە وردی باسی دۆخی ئابووری و ئەو هەنگاوانە کراوە کە حکومەت دەیەوێت بۆ زیادکردنی داهات بینێت، راشیگەیاند، بەهۆی پشتبەستن بە نەوت وەک تاکە سەرچاوە و داخرانی رێڕەوە ئاوییەکان، داهات تووشی گرفت بووە و پێویستە کار بۆ فرەسەرچاوەکردنی داهات بکرێت.

بەپێی زانیارییەکان، وەزارەتی دارایی شەش پڕۆژەیاسای رادەستی لیژنەی دارایی پەرلەمان کردووە کە ئامانج لێیان دابینکردنی پارەیە بۆ گەنجینەی دەوڵەت، لەوانە:

1. چاکسازی لە کەرتی وەبەرهێنان.
2. رێکخستنەوەی بەکارهێنانی زەوی کشتوکاڵی.
3. فرۆشتنی موڵکەکانی سەر بە وەزارەتی دارایی.
4. مۆڵەتی فەرمانبەران و گواستنەوەی میلاکاتیان بۆ کەرتی تایبەت، بە مەبەستی کەمکردنەوەی فشاری سەر پارەی مووچە.

دیلان غەفور باسی لەوەش کردووە، حکومەتی عێراق قەرزێکی زۆری ناوخۆیی و دەرەکیی لەسەرە و یەکێک لە رێگەچارەکان بۆ دانەوەی ئەو قەرزانە، فرۆشتنی بەشێک لە موڵک و ماڵی دەوڵەتە.

سەبارەت بە بودجەی ساڵی داهاتوو، ئەو پەرلەمانتارە روونیکردەوە کە حکومەت کار لەسەر گۆڕینی سیستەمی بودجە دەکات لە شێوازی "بەند"ەوە بۆ شێوازی "بەرنامە"، بڕیار وایە ئەم شێوازە نوێیەی بودجە لە سەرەتادا لە وەزارەتی کارەبا و لەسەر ئاستی پارێزگاکانیش لە هەریەکە لە (سەلاحەدین و دیوانیە) جێبەجێ بکرێت، کە ئەمەش وەک هەنگاوێکی نوێ بۆ رێکخستنەوەی خەرجییەکان لە عێراقدا دادەنرێت.


PM:07:12:11/07/2026


ئه‌م بابه‌ته 116 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو