عەلی زەیدی: دوای سەردانەکەم بۆ واشنتۆن، گەشتێک بۆ وڵاتانی عەرەبی ئەنجام دەدەم


وێستگە نیوز-

ئەمڕۆ پێنجشەممە 9ی تەمووزی 2026، عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، زنجیرەیەک بڕیار و هەڵوێستی وڵاتەکەی سەبارەت بە پرسە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان راگەیاند و جەختی لەوە کردەوە کە عێراق دەبێتە خاڵی بەیەکگەیشتنی وڵاتان، نەک گۆڕەپانی ململانێ و دوژمنایەتی.

سەبارەت بە پرسی ئەمنی و پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، زەیدی ئاشکرای کرد کە هێزە چەکدارەکانیان راسپاردووە بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر کارێک کە ئاسایشی وڵاتانی دراوسێ بخاتە مەترسییەوە. ئاماژەی بەوەش کرد، لێکۆڵینەوەکان لە هێرشەکانی سەر سعوودیە و ئیمارات بەردەوامن و تا ئێستا هیچ ئاماژەیەک نییە کە ئەو هێرشانە لە خاکی عێراقەوە ئەنجام درابێتن.

لەبارەی ئەرکی هێزە بیانییەکان لە عێراق، سەرۆک وەزیران راگەیاند، کە لە ٣٠ی ئەیلوولی ئەمساڵدا ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی داعش بە یەکجاری کۆتایی دێت، و جەختی کردەوە کە هێزە عێراقییەکان توانای تەواویان بۆ پاراستنی وڵات هەیە. هەروەها وتیشی: "لە داهاتوودا هاوبەشییەکی ئابووری و سیاسی گەورە لە نێوان بەغدا و واشنتن رادەگەیەنرێت و ئەگەری ئاڵوگۆڕی زانیاری ئەمنیش لە نێوان هەردوولا هەیە."

سەبارەت بە سیاسەتی دەرەوە، عەلی زەیدی ئاماژەی بە پلانەکانی بۆ سەردانی وڵاتانی ناوچەکە کرد و رایگەیاند، دوای سەردانەکەی بۆ واشنتن، گەشتێکی وڵاتانی عەرەبی ئەنجام دەدات کە پایتەختەکانی ریاز و دیمەشق دەگرێتەوە، بە مەبەستی بەهێزکردنی پەیوەندییەکان و دروستکردنی هاوبەشی ئابووری. لە هەمان کاتدا ئاماژەی بەوە کرد کە وڵاتەکەی پارێزگاری لە پەیوەندییەکان لەگەڵ ئێران دەکات و هەوڵ دەدات ببێتە ناوبژیوان بۆ لێکنزیکبوونەوەی تاران و واشنتن.

لە تەوەرێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆک وەزیرانی عێراق تیشکی خستە سەر پرسی ئابووری و دارایی و رایگەیاند، عێراق بە هیچ شێوەیەک لە رێکخراوی ئۆپێک ناکشێتەوە. سەبارەت بە دراوی دۆلاریش، وتی: "بارە نێردراوەکانی دۆلار ملکەچی پێوەرەکانی بانکی ناوەندین و پێداویستییە نەقدییەکانی وڵات بەپێی لێکۆڵینەوەی وردی بانکی و ئەمنی دیاری دەکرێن."

لە کۆتاییدا، عەلی زەیدی جەختی لە پێگەی هەرێمی کوردستان کردەوە وەک بەشێکی گرنگ و جیانەکراوە لە دەوڵەتی عێراق.


AM:11:41:09/07/2026


ئه‌م بابه‌ته 108 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو