دەستەی دەستپاکی عێراق: بە تۆمەتی دزینی 2 ملیار دینار چوار فەرمانبەری کارەبای دیالە دەستگیرکران
وێستگە نیوز-
ئەمڕۆ پێنجشەممە 9ی تەموزی 2026، دەستەی دەستپاکی عێراق ئاشکرای کرد، کە تیمەکانیان توانیویانە چوار فەرمانبەری سەر بە لقی کۆمپانیای گشتیی دابەشکردنی کارەبا لە پارێزگای دیالە، بە تۆمەتی دزینی کەرەستەی کارەبایی بە بەهای دوو ملیار دینار دەستگیر بکەن.
دەستەی دەستپاکی لە بەیاننامەیەکدا راگەیاند، تیمێکی لێکۆڵینەوە لە نووسینگەی دیالە دوای وردبینیکردنی بەڵگەنامەکانی گواستنەوەی کۆگا بۆ ساڵانی نێوان (2022-2025) و بەراوردکردنیان لەگەڵ سیستەمی کۆمپیوتەری کۆگاکان، پەردەیان لەسەر کارێکی نایاسایی لاداوە، لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە کە بڕێکی زۆر کەرەستەی کارەبایی لەلایەن کەسانی رێپێدراوەوە وەرگیراون، بەڵام نەخراونەتە ناو کۆگاکانی کۆمپانیاوە.
هەر بەپێی راگەیەندراوەکە، بەدواداچوونی تیمەکان بووەتە هۆی دەستگیرکردنی چوار فەرمانبەر کە دەستیان هەبووە لە دزینی ئەو کەرەستە کارەباییانە، کە نرخەکەیان بە زیاتر لە (2,001,494,000) دوو ملیار دینار دەخەمڵێندرێت، پڕۆسەی وردبینیکردنەکەش بە ئامادەبوونی نوێنەرانی یاسایی کۆمپانیاکە لە پارێزگاکە ئەنجامدراوە.
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، کە کۆنووسێکی دەستبەسەرداگرتنی یاسایی بۆ کەیسەکە رێکخراوە و تەواوی تۆمەتبارەکان لەگەڵ بەڵگەکاندا رەوانەی دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی بەعقووبە کراون، تاوەکو رێکاری یاسایی توندیان بەرامبەر بگیریتەبەر.
AM:11:14:09/07/2026
ئهم بابهته 132
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت