پزیشکیان لەرێورەسمی بەخاکسپاردنی خامنەیی لەعێراق ئامادە دەبێت
وێستگەنیوز-
بڕیارە سبەی سێشەممە مەسعوود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران بە یاوەری شاندێکی باڵای وڵاتەکەی، بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسمەکانی بەڕێکردنی تەرمی عەلی خامنەیی بگاتە عێراق.
ئەمڕۆ دووشەممە 6ی تەمووزی 2026، ئاژانسە هەواڵییەکان ئاشکرایان کردووە، مەسعوود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران سبەی سێشەممە بەرەو عێراق بەڕێدەکەوێت، ئەم سەردانە لە چوارچێوەی زنجیرەیەک چالاکیی پەیوەست بە بەخاکسپاردنی عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی ئێراندایە، کە بڕیارە بەشێکی رێوڕەسمەکان بە هەماهەنگی نێوان بەغداد و تاران لە شارەکانی نەجەف و کەربەلا بەڕێوەبچێت.
بەپێی زانیارییەکان، لەم گەشتەدا هەریەک لە محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران و مستەفا خامنەیی، کوڕە گەورەی رێبەری کۆچکردووی ئێران یاوەری پزیشکیان دەکەن و لە رێوڕەسمەکاندا لە عێراق ئامادە دەبن.
ئەوەش ئاشکراکراوە، تەرمی عەلی خامنەیی دوای ئەوەی لە شاری قوم بەڕێدەکرێت، دەگوازرێتەوە بۆ شاری نەجەف و بڕیارە رۆژی چوارشەممە رێوڕەسمی تایبەت لە هەردوو شاری نەجەف و کەربەلا ئەنجام بدرێت، ئەمەش بەهۆی پێگەی ئایینی مەزارگە پیرۆزەکان لای شیعەکان، دواتر تەرمەکە دەگەڕێنرێتەوە بۆ ئێران و لە شاری مەشهەد بە خاک دەسپێردرێت.
ئەم سەردانەی پزیشکیان کە یەکەم جووڵەی دەرەکییەتی لە سەرەتای ئەم قۆناغەدا، جگە لە رەهەندە سیمبولی و ئایینییەکەی، وەک درێژکراوەی رێڕەوی لێکنزیکبوونەوەی نێوان هەردوو وڵات دەبینرێت، بەتایبەت کە پێشتریش لە ساڵی 2024 بەغداد یەکەم وێستگەی سەردانە فەرمییەکانی بوو دوای وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆمار.
PM:03:45:06/07/2026
ئهم بابهته 96
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت