سەرۆکی دادگای باڵای تاوانەکان: سەرۆک کۆمار ناتوانێت سزاکان سووک بکات و 3300 فەرمانی دەستگیرکردنیش ماون


وێستگەنیوز-

سەرۆکی دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق رایگەیاند، بەپێی یاسا سەرۆکایەتی کۆمار هیچ دەسەڵاتێکی نییە بۆ سووککردن یان هەڵوەشاندنەوەی ئەو سزایانەی لەسێدارەدان کە دادگاکەیان دژی تێوەگلاوانی رژێمی پێشوو دەری کردوون.


دادوەر سەعد لامی، سەرۆکی دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوە کرد، تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتی کە لە سەردەمی رژێمی پێشوودا ئەنجامدراون، بە تێپەڕبوونی کات بەسەر ناچن و راوەدوونانی تۆمەتباران بەردەوام دەبێت، راشیگەیاند کە لە ئێستادا 3 هەزار و 300 فەرمانی دەستگیرکردن بۆ پیاوانی رژێمی پێشوو لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات هەن کە هێشتا جێبەجێ نەکراون.

سەبارەت بە دەسەڵاتی سەرۆک کۆمار، لامی روونیکردەوە کە بەپێی ماددەی 27 لە یاسای دادگاکەیان، سەرۆک کۆمار تەنها مەرسوومی کۆماری بۆ جێبەجێکردنی سزاکان دەردەکات و ناتوانێت هیچ هەموارکردن یان گۆڕانکارییەک لە بڕیارەکاندا بکات، جەختیشی کردەوە کە یاساکانی لێبووردنی گشتی بە هیچ جۆرێک ئەو کەسانە ناگرێتەوە کە لەم دادگایە سزا دراون.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆکی دادگای باڵای تاوانەکان ئاشکرای کرد کە تا ئێستا 160 کەس لە پیاوانی رژێمی پێشوو سزا دراون، کە 26یان سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا جێبەجێ کراوە، لە بەرامبەریشدا 270 کەس بەهۆی نەبوونی بەڵگەی پێویست ئازادکراون، ئاماژەی بەوەش کرد کە دادگاکە پۆستە حزبی و کارگێڕییەکان وەک تاوان هەژمار ناکات، بەڵکو تەنها لێکۆڵینەوە لەو کەسانە دەکات کە سکاڵایان لەسەرە و بەڵگەی تاوانیان لەسەر چەسپاوە.

سەبارەت بە دۆسیە ناسراوەکان، دادوەر سەعد لامی باسی لەوە کرد کە سزای لەسێدارەدانی سەددام حسێن تەنها لەسەر دۆسیەی دووجەیل بووە و دوای جێبەجێکردنی سزاکە رێکارەکان لە دۆسیەکانی دیکەدا وەستاون.

هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە تۆمەتبار سەعدوون سەبری بە کوشتنی محەمەد باقر سەدر تاوانبار کراوە، و لێکۆڵینەوەکانیش بەرپرسیارێتی تاهیر جەلیل حەبووشیان لە تیرۆرکردنی محەمەد محەمەد سادق سەدر چەسپاندووە.

دادگای باڵای تاوانەکان کە لە ساڵی 2005 دامەزراوە، لە ئێستادا لەژێر چەتری ئەنجومەنی باڵای دادوەری کاردەکات بە مەبەستی پاراستنی سەربەخۆیی و بێلایەنی خۆی، بڕیارەکانیشی لە دادگای تەممیزی فیدراڵی قابلی تانەلێدانن.


AM:11:58:06/07/2026


ئه‌م بابه‌ته 172 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو