بودجەی پڕۆگرام چییە و چۆن دارایی عێراق لە بەفیڕۆدان دەپارێزێت؟
وێستگەنیوز-
سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، حکومەت بڕیاریداوە بۆ ساڵی دارایی 2027 شێوازی داڕشتنی بودجەی گشتی وڵات بگۆڕێت، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ چاکسازی دارایی و بەهێزکردنی لێپرسینەوە.
عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاشکرای کرد، بۆ ساڵی 2027 عێراق کار بە سیستمی "بودجەی پڕۆگرام " دەکات و دەستبەرداری سیستمە کلاسیکییەکە دەبێت، ئەم بڕیارە بە ئامانجی زیادکردنی کارایی لە خەرجکردنی پارەی گشتی و گۆڕینی ئامانجەکانە بۆ واقیعێکی چەسپاو.
سیستمی نوێی بودجە (بودجەی پڕۆگرام)، جیاواز لە ساڵانی پێشوو کە تەنها تیشکی دەخستە سەر بڕگە و تێچووی خەرجییەکان وەک مووچە و کڕین، لێرەدا هەموو خەرجییەک دەبەسترێتەوە بە ئامانجێکی دیاریکراو و ئەنجامی راستەقینە، بەو پێیەش کوالێتی کارەکان دەبێتە پێوەر بۆ هەڵسەنگاندنی دەستکەوتی وەزارەتەکان و هەر بڕە پارەیەک تەرخان بکرێت، دەبێت پاساو و ئامانجێکی رونی لەپشت بێت.
ئەم جۆرە بودجەیە بە رێگەیەکی زانستی دادەنرێت بۆ بەستنەوەی بودجەی دەوڵەت بە پلانی گەشەپێدانی نیشتمانییەوە، کە یارمەتیدەر دەبێت لە بەکارهێنانی دروستی سامانی گشتی و رێگریکردن لە لاوازیی ئەدا و بەفیڕۆدانی پارە، هەروەها چاودێرییەکی ورد دەخاتە سەر ئەنجامی چالاکییەکان لە رووی دابینکردنی کاڵا و خزمەتگوزارییەکانەوە.
سەرەڕای سوودەکانی، جێبەجێکردنی ئەم سیستمە لە عێراقدا رووبەڕووی چەند ئاستەنگێک دەبێتەوە، لەوانە: پێویستیی بە کادیری پسپۆڕ لەو بوارەدا، تێچووی زۆری ئامادەکردنی بودجەکە، لەگەڵ نەبوونی سیستمێکی داتا و زانیاریی وردی نیشتمانی بۆ هەڵسەنگاندنی پڕۆژەکان، کە حکومەت پێویستە پێشوەختە کار بۆ رەخساندنی ئەو زەمینەیە بکات
AM:11:40:06/07/2026
ئهم بابهته 164
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت