عەلی زەیدی سەردانی وەزارەتی بەرگری کرد


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ یەکشەممە 5ی تەموزی 2026، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق، سەردانی وەزارەتی بەرگری کرد و لەلایەن فەریق روکنی یەکەم عەبدولئەمیر رەشید یارەڵڵا، سەرۆکی ئەرکانی سوپاوە پێشوازی لێکرا.


زەیدی لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ فەرماندە سەربازییە باڵاکان، پێداچوونەوەی بۆ پلانەکانی وەزارەت و دۆخی ئەمنیی یەکە سەربازییەکان کرد، لە میانی سەردانەکەیدا، فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان خشتەی پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەرانی سوپای پەسەند کرد و رایگەیاند، ئەم پلەبەرزکردنەوەیە مافێکی شایستەیە کە ئەفسەران بە ماندووبوونی خۆیان بەدەستیان هێناوە و ستایشی هەوڵەکانیانی کرد وەک قەڵغانی نیشتمان.

سەرۆک وەزیران دووپاتی کردەوە کە حکومەت گرنگییەکی زۆر بە پەرەپێدانی سوپا دەدات بۆ ئەوەی ببێتە هێزێکی پیشەیی و نیشتمانی، وتیشی: "هەموو پێداویستییەک بۆ بەرزکردنەوەی تواناکانی سوپا دابین دەکەین، چونکە شانازی و شکۆی وڵاتان لە هێزی سوپاکانیاندایە".

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، عەلی زەیدی جەختی لە سەروەریی یاسا کردەوە و رایگەیاند، رێگە نادرێت هیچ چەکێک لە دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت بمێنێتەوە، هەروەها پابەندبوونی حکومەتەکەی بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و وشککردنی سەرچاوەکانی دووپات کردەوە، بە ئامانجی بنیاتنانی دەوڵەتێک کە دادپەروەری و ئاسایش بۆ تەواوی هاوڵاتیان دابین بکات.


PM:02:42:05/07/2026


ئه‌م بابه‌ته 144 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت