حەسەن کوردی و گەندەڵییە ترلیۆنییەکەی وەزارەتی نەوت
وێستگەنیوز-
هاوکات لەگەڵ پێشهاتە خێراکانی دۆسیەی گەندەڵی لە وەزارەتی نەوتی عێراق، ناوی حەسەن کوردی وەک یەکێک لە کاریگەرترین کارەکتەرەکانی پشت پەردەی گرێبەستە نەوتییەکان دەهێنرێت، کە تەنها چەند کاتژمێرێک دوای دەستگیرکردنی عەدنان جومەیلی، بریکاری وەزیری نەوت، لە رێگەی مەرزی نێودەوڵەتی ئیبراهیم خەلیلەوە بەرەو تورکیا هەڵاتووە.
حەسەن کوردی، کە تەمەنی تەنها 31 ساڵە، لەلایەن شارەزایان و چاودێرانەوە وەک ئەڵقەی پەیوەندی نێوان تۆڕەکانی گەندەڵی و ناوەندە سیاسییەکان وەسف دەکرێت، زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ناوبراو بەرپرس بووە لە بەڕێوەبردنی دۆسیەی کۆمیسیۆنەکان لە گرێبەستی پاڵاوگەکاندا و وەک نوێنەری ئابووری چەندین لایەنی سیاسی کاری کردووە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست وێستگەنیوز کەوتوون، گەندەڵییەکان بە شێوەیەکی ئاڵۆز و لە رێگەی پاڵاوگەی بێجییەوە ئەنجامدراون، شێوازەکە بە جۆرێک بووە کە گرێبەستە گەورەکان (کە بەهاکەیان گەیشتووەتە 15 ملیار دینار) سەرەتا دراون بە کۆمپانیا حکومییەکانی سەر بە وەزارەتی پیشەسازی بۆ ئەوەی رێکارە یاساییەکان تێپەڕێنن، پاشان دووبارە کارەکان دراونەتەوە بە حەسەن کوردی وەک جێبەجێکاری راستەقینە.
هەروەها باس لەوە دەکرێت کە رۆژانە لە نێوان 250 بۆ 1100 داواکاری وەهمی بۆ کڕینی کەلوپەل و کەرەستە لە ناو پاڵاوگەکە دەرکراون، کە تێچووەکانیان لە بودجەی کارپێکردن و وەبەرهێنانی پاڵاوگەکە دابینکراوە و پارەکانیان بۆ بەرژەوەندی تایبەت و سپیکردنەوە بەکارهێنراوە.
دارایی سیاسی و هەڵبژاردنەکان سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەو پارە خەیاڵییانەی لەم دۆسیانەوە دەستکەوتوون، لە دابینکردنی دارایی هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن و پشتگیریکردنی کەسایەتی و حزبە سیاسییە جیاوازەکان لە سوننە، شیعە و کورد بەکارهێنراون، هەندێک لە شارەزایان پێیان وایە دەستگیرکردنی حەسەن کوردی دەبێتە هۆی ئاشکراکردنی وردەکارییەک کە پرۆسەی سیاسی دادەرووخێنێت، چونکە ناوبراو دەروازەی سەرەکی دابەشکردنی پارە و گواستنەوەی بووە بۆ دەرەوەی وڵات.
PM:02:13:05/07/2026
ئهم بابهته 292
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت