راوێژكاری سەرۆك وەزیرانی عێراق یەكەم كۆبوونەوەی خۆی لە رێگەی ویستگەنیوزەوە بڵاودەكاتەوە
وێستگهنیوز – محەمەد فاتيح
بەمەبەستی بەهێزكردنی ژینگەیەکی سەلامەت و سەقامگیری کارکردن بۆ ژنانی عێراق و دڵنیابوون لە جێبەجێکردنی یاساكانى دەستووری و یاسایی کە کەرامەتی خانمان دەپارێزێت، ئاڵا تاڵەبانی، راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ژنان، کۆبوونەوەیەکی فراوانی ئەنجامدا کە نوخبەیەكی هەڵبژێردراوی لە سەرکردەكانی ژنان لەخۆگرتبوو کە پشتیوانی لە دادپەروەری کۆمەڵایەتی و مافەکانی ژنان دەکەن.
ئاڵا تاڵەبانی بە وێستگەنیوزی وت، "لە گفتوگۆکانی نێوان ئامادەبووان تیشک خرایە سەر ئەو پرسە هەستیارانەی کە رووبەڕووی ژنان دەبنەوە لە کەرتی گشتی و تایبەتی بازاڕی کاردا و باس لە حاڵەتەکانی هەراسانکردن و ئیبتیزازكردن كرا کە هەندێک لە کارمەندان و فەرمانبەرانی ژن لەلایەن هەندێک بەرپرسی باڵا یان دەسەڵاتدارەكانەوە رووبەڕووی دەبنەوە".
وتيشى، "ئامادەبوان جەختیان كردەوە کە ئەم هەڵسوكەوتانە پێشێلکارییەکی ئاشکرای دەستووری عێراقە کە گەرەنتی کەرامەتی هاوڵاتی دەکات، هەروەها دژایەتییەکی ئاشکرای یاسای کارپێکراوی کار و ئەو ستراتیژییە نیشتمانیانەیە کە دەوڵەت بۆ پاراستن و بەهێزکردنی ژنان گرتویەتیەبەر".
باسی لەوەشكرد، "ئامادەبوان رێكەوتن لەسەر کارکردنی جدی بۆ چالاککردنی ماددە یاساییەکان و رێکارە کارگێڕییەکانی رێگریکردن بۆ کەمکردنەوەی حاڵەتەکانی هەراسانکردن و رەفتاری بێ رەوشتی لەناو بەڕێوەبەرایەتییەکانی حکومەت و لە دامەزراوەکانی کەرتی تایبەتدا بە هەمان شێوە".
دەشڵێت، "هەروەها رێكەوتین لەسەر هەماهەنگی هاوبەش بۆ توندکردنەوەی چاودێری و چالاککردنی لیژنەکانی لێکۆڵینەوە بۆ دڵنیابوون لە نهێنی سکاڵاکان و پاراستنی قوربانییەکان لە رووی یاسایی و پیشەییەوە و سوود وەرگرتن لە شارەزایی و راوێژی نێودەوڵەتی بۆ راهێنانی کارمەندان و هۆشیارکردنەوەی ژنان سەبارەت بە مافە یاساییەکانیان و چۆنیەتی رووبەڕووبوونەوەی فشار و ئیبتیزازكردنی خانمان لە شوێنی کاردا".
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا ئامادەبووان جەختیان لەوە کردەوە کە بنیاتنانی دامەزراوەی دەوڵەتی سەقامگیر لە دابینکردنی ژینگەیەکی کارکردنی دادپەروەرانە و بێلایەنانە دەستپێدەکات کە رێز لە کارایی بگرێت و مافەکانی مرۆڤ بەبێ سازش بپارێزێت.
PM:04:31:04/07/2026
ئهم بابهته 308
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت