نزار ئامێدی: شەڕی گەندەڵی و تیرۆر وەک یەکن
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ شەممە 4ی تەمووزی 2026، نزار ئامێدی، سەرۆک کۆماری عێراق لە چاوپێکەوتنێکی میدیاییدا چەندین دۆسیەی هەستیاری ناوخۆیی و هەرێمیی وروژاند و تیشکی خستە سەر هەوڵەکانی حکومەت بۆ سەقامگیری و چاکسازی.
سەرۆکی عێراق رایگەیاند، کە مەترسی دۆسیەی گەندەڵی لە وڵاتدا لە مەترسی تیرۆر کەمتر نییە، ئاماژەی بەوەش کرد، کە هەموو سەرۆکایەتییەکان و هێزە سیاسییەکان پشتگیری لەو هەنگاوانە دەکەن کە حکومەت بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵکاران گرتوویەتییە بەر و جەختی کردەوە کە هیچ پاشەکشەیەک لەو دۆسیەیەدا نییە، وتیشی: "دوای تەواوبوون لە دۆسیەی گەندەڵی، روودەکەینە دۆسیەی چەکی گروپەکان و پاراستنی ئاسایشی سنوورەکان لەگەڵ تورکیا، " ههروەها ئاماژەی بەوەدا کە کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەتدا، گرنگترین دۆسیەیە کە لە ئێستادا لەبەردەم حکومەتدایە.
سەبارەت بە ململانێکانی ناوچەکە، نزار ئامێدی دووپاتی کردەوە کە عێراق پارێزگاری لە هاوسەنگییەکانی دەکات و نابێتە لایەنگر، بە جۆرێک نە لەگەڵ ئێران دەبێت دژی واشنتۆن و نە لەگەڵ واشنتۆنیش دەبێت دژی تاران.
ههروەها داوای لە نێردە دیپلۆماسییە عەرەبییەکان کرد بگەڕێنەوە بۆ بەغدا و رایگەیاند کە وڵاتەکەی هەوڵ بۆ دروستکردنی باشترین پەیوەندی ستراتیژی لەگەڵ سعودیە دەدات.
نزار ئامێدی باسی لەوە کرد، کە ئاسایشی کەنداو و ئاسایشی عێراق تەواکەری یەکترن، جەختیشی کردەوە کە عێراق بە هەموو شێوەیەک بەکارهێنانی خاکەکەی بۆ بەئامانجگرتنی وڵاتانی دراوسێ رەتدەکاتەوە.
سەبارەت بە دۆسیە ئەمنییە هەڵپەسێردراوەکانیش لەگەڵ تورکیا و ئێران، ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە کار دەکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، کە لە سەرووی هەموویانەوە دۆسیەی "پارتی کرێکاران و شەنگال"ـە، بۆ ئەوەی سەقامگیری تەواو لە ناوچە سنوورییەکاندا جێگیر بێت.
PM:01:12:04/07/2026
ئهم بابهته 316
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت