دادگای پێداچوونەوەی فیدراڵ بڕیاری لەسێدارەدانی عەجاجی پەسند کرد
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ پێنجشەممە 2ی تەموزی 2026 دادگای پێداچوونەوەی فیدراڵی بڕیاری لەسێدارەدانی بە پەت بۆ تاوانبار "عەجاج ئەحمەد حەردان تکریتی" پەسند کرد.
دادوەر سەعد لامی، سەرۆکی دادگای پێداچوونەوە بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (واع)ـی رایگەیاند، "دادگای پێداچوونەوەی فیدراڵی بڕیاری لەسێدارەدانی دەرچوو دژ بە تاوانبار عەجاج ئەحمەد حەردان تکریتی پەسند کرد، دوای ئەوەی بە تاوانی جینۆساید دژ بە قوربانیانی ئەنفال تاوانبار کرا".
ئاماژەی بەوەش کرد، "تاوانبار بەرپرسیار بووە لە کردنی تاوانی کۆمەڵکوژی دژ بە هاوڵاتییانی سڤیلی کوردی رزگاربووی شاڵاوەکانی ئەنفال".
دادوەر لامی وتویەتی، "تاوانبارەکە تاوانی سامناکی دژ بە دەستبەسەرکراوانی ناو گرتووخانەی (نوگرە سەلمان) کردووە، کە خۆی لە برسی کردن، تینوو کردن و ئەشکەنجەدانیان تا مردن بینیوەتەوە، جگە لە تاوانی دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر چەند ئافرەتێک، کە ئەم کارانە بوونە بنەمای سەرەکی بۆ تاوانبارکردنی".
وتوشیەتی، "کەیسی تاوانبارەکە رەوانەی سەرۆکایەتیی کۆمار دەکرێت بە مەبەستی پێداچوونەوە و دەرکردنی مەرسومی کۆماری بۆ پەسندکردنی کۆتایی بڕیاری لەسێدارەدانەکە".
دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق لە 14ی ئایای 2026، بڕیاری لەسێدارەدانی بە پەت بۆ عەجاج ئەحمەد حەردان تکریتی دەرکرد.
PM:04:28:02/07/2026
ئهم بابهته 92
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت