کۆبوونەوەکانی فایەق زێدان و تاوتوێکردنی دۆسیە هەستیارەکان
وێستگەنیوز-
سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق، زنجیرەیەک کۆبوونەوەی گرنگی لەگەڵ بەرپرسانی دارایی و ئەمنی ناوخۆیی و هەرێمی ئەنجامدا کە ئاماژەن بۆ دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێی لێپێچینەوە و بەدواداچوونی دۆسیە هەستیارەکان.
ئەمڕۆ سێشەممە 30ی حوزەیرانی 2026، لە دیدارێکدا فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق لەگەڵ فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق، هەردوولا باسیان لە بەهێزکردنی هەماهەنگی نێوان دەسەڵاتی جێبەجێکردن و دادوەری کرد بۆ پاراستنی سامانی گشتی، وەزیری دارایی جەختی لەسەر پێویستی گەڕاندنەوەی ئەو پارانە کردەوە کە لە دۆسیەکانی گەندەڵیدا دەستیان بەسەردا گیراوە و رایگەیاند: "وەزارەت سوورە لەسەر پشتیوانیکردنی هەوڵەکانی راوەدوونانی تێوەگلاوانی گەندەڵی، تاوەکو سەروەری یاسا بچەسپێت".
هەر لە چوارچێوەی کۆبوونەوەکاندا، فایەق زێدان پێشوازی لە ئیبراهیم گاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگری تورکیا و شاندی یاوەری کرد، لەم دیدارەدا بەدواداچوون بۆ دۆسیەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر کرا، بەتایبەت ئەوکەیسانەی رەهەندی هەرێمییان هەیە و هەڕەشە لە ئاسایشی ناوچەکە دەکەن، هەروەها جەخت لەسەر ئاڵوگۆڕی زانیاری ئەمنی کرایەوە.
لە لایەکی دیکەوە، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری لەگەڵ باسم بەدری، سەرۆکی نوێی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی کۆبووەوە، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە میکانیزمی هەماهەنگی هاوبەش کرا لە دۆسیە لێکۆڵینەوەییەکاندا کە لە چوارچێوەی تایبەتمەندییەکانی ئەو دەزگایەدان.
ئەم کۆبوونەوە چڕانەی سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری لەگەڵ لایەنە ئەمنی و داراییەکان، هاوکاتە لەگەڵ بوونی ئاماژەکان بۆ لێدانێکی داهاتوو کە چاوەڕوان دەکرێت گەندەڵکاران و داواکراوان بهەژێنێت و کۆتایی بە مەلەکردنی نەهەنگەکان لە دەریای گەندەڵیدا بهێنێت.
PM:03:35:30/06/2026
ئهم بابهته 232
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت