عەلی زەیدی: خۆم وەک سەرۆک وەزیران هیچ مووچەیەک وەرناگرم و دیاریش لەکەس قبووڵ ناکەم


وێستگەنیوز -

ئەمڕۆ دووشەممە 29ی حوزەیرانی 2026، عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ رۆژنامەی (شەرقولئەوسەت)، تیشکی خستە سەر پرسە هەستیارەکانی وڵات و رایگەیاند کە شەڕی دژ بە گەندەڵی پەیوەستە بە مانەوەی دەوڵەتەوە و هیچ پاشەکشەیەکی تێدا ناکەن.


زەیدی لەبارەی دۆخی دارایی عێراقەوە ئاشکرای کرد، کاتێک وەک حکومەت دەستیان بە کارکردن کردووە، قەبارەی قەرزەکانی وڵات گەیشتووەتە نزیکەی 208 تریلیۆن دینار، بەڵام دڵنیایی دایە فەرمانبەران کە مووچەکانیان تەواو مسۆگەرە و بە شێوەیەکی رێکخراو و بەردەوام دابەش دەکرێت و هیچ مەترسییەکی لەسەر نییە.

لە تەوەرێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆک وەزیرانی عێراق جەختی لەسەر سەروەریی یاسا کردەوە و وتی: "هیچ هێزێک لە سەروو هێزی دەوڵەتەوە نییە و ئێمە هێزی یاسا بۆ سەپاندنی ئاسایش بەکاردەهێنین"، راشیگەیاند کە بە هیچ شێوەیەک بوونی دەوڵەت لە ناو دەوڵەتدا قبوڵ ناکەن و دروشمی سەرەکیی کابینەکەیان بریتییە لە یەکەمجار عێراق.

سەبارەت بە هەڵمەتی روبەڕوبوونەوەی گەندەڵی، عەلی فالح زەیدی ئاماژەی بەوە کرد، پاکتاوکردنی گەندەڵکاران بڕیارێکی کوشندە و جدییە، چونکە گەندەڵی لە ئێستادا بووەتە هەڕەشەیەکی راستەقینە لەسەر بوونی دەوڵەتی عێراق، سەرۆک وەزیران بۆ دووپاتکردنەوەی شەفافیەت لە کارەکانیدا رایگەیاند: "خۆم وەک سەرۆک وەزیران هیچ مووچەیەک وەرناگرم و هیچ جۆرە دیارییەکیش لە کەس قبووڵ ناکەم، تەنانەت ئەگەر دیارییەکە تەنها بۆینباغێکیش بێت".


PM:05:06:29/06/2026


ئه‌م بابه‌ته 244 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو