موقتەدا سەدر: لەدوای نوێژی هەینیی داهاتوو گردبوونەوە بکەن


وێستگەنیوز-

موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی نیشتمانیی شیعە، پشتیوانیی خۆی بۆ هەڵمەتی دەستگیرکردنی گەندەڵکاران دەربڕی کە لەلایەن عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە دەستی پێ کردووە و داواشی کرد بۆ پشتیگیریکردنی ئەو هەنگاوە، هەینیی داهاتوو گردبوونەوەی جەماوەریی ئەنجام بدرێت.


ئەمڕۆ دووشەممە 29ی حوزەیرانی 2026، موقتەدا سەدر لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد: "ئەو هەنگاوانەی سەرۆک وەزیران بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵکاران دەستی پێ کردووە، هەڵمەتێکی چاکسازیی قارەمانانەیە و هیوای بۆ دڵی ئێمە و تەواوی گەلی عێراق گەڕاندووەتەوە، دوای ئەوەی گەندەڵکاران دەستیان بەسەر چارەنووسی وڵاتدا گرتبوو".

سەدر لە پەیامەکەیدا هیوای خواست ئەم هەوڵانە بەردەوام بن و ستایشی رۆڵی کاریگەری دەسەڵاتی دادوەری و هێزە ئەمنییەکانی عێراقی کرد، بەتایبەتی هێزەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و گەندەڵی کە لەم پرۆسەیەدا رۆڵیان هەیە.

بۆ پاڵپشتیکردنی ئەم هەڵمەتە، رێبەری رەوتی نیشتمانیی شیعە داوای لە پێشنوێژەکانی نوێژی هەینی کرد، کە دوای نوێژی هەینیی داهاتوو، سەرکردایەتیی وەستانێکی ئاشتییانەی جەماوەری بکەن، جەختیشی کردەوە کە پێویستە لەو گردبوونەوەیەدا تەنها ئاڵای عێراق و ئاڵاکانی ئیمام حوسێن بەرز بکرێنەوە، وەک ئاماژەیەک بۆ مانگی موحەڕەم کە بە مانگی چاکسازی ناسراوە.

لە کۆتایی پەیامەکەیدا، سەدر وێڕای دەستخۆشی، هیوای خواست ئەم هەنگاوانە ببنە مایەی خێر و پاداشت بۆ نیشتمان و گەلی عێراق.


AM:11:17:29/06/2026


ئه‌م بابه‌ته 268 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو