موقتەدا سەدر: با حکومەت بێ گوێدانە پلە و پۆست لەم هەنگاوەی بەردەوامبێت
وێستگەنیوز-
عێراق گەورەترین هەڵمەتی رووبەرووبوونەوەی گەندەڵی لە مێژووی نوێی خۆیدا بەخۆوە دەبینێت، لەو چوارچێوەیەدا موقتەدا سەدر پشتیوانیی رەهای خۆی بۆ رێکارەکانی سەرۆک وەزیران راگەیاند.
ئەمڕۆ یەکشەممە 28ی حوزەیرانی 2026، سەرچاوەیەکی ئاگادار ئاشکرای کرد کە موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی نیشتمانیی شیعە، لە رێگەی کەسانی نزیکی خۆیەوە پەیامێکی ئاراستەی عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کردووە، لە پەیامەکەدا سەدر پشتیوانی تەواوی خۆی بۆ هەڵمەتی رووبەرووبوونەوەی گەندەڵکاران دەربڕیوە و داوای کردووە حکومەت بێ گوێدانە پلە و پۆست یان وابەستەیی سیاسیی تۆمەتبارەکان، لەم هەنگاوەی پاشەکشە نەکات تا ئەو کاتەی هەموو تێوەگلاوان رادەستی دادگا دەکرێن.
هاوکات لەگەڵ ئەم پەیامە، هێزە ئەمنییەکانی عێراق ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانیان لە بەغدا و چەند پارێزگایەکی دیکە ئەنجام دا، لە ئەنجامدا 43 کەس کە لە نێوانیاندا پەرلەمانتار، سیاسی، بەرپرسی باڵا و بازرگانی گەورە هەن، دەستگیر کران، ئەم هەڵمەتە وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ فەرمانی دادگا و بە ئامانجی چەسپاندنی سەروەریی یاسا و پاراستنی سامانی گشتی دەستی پێ کردووە.
بەهۆی هەستیاریی ئۆپەراسیۆنەکەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دۆخی ئەمنی لە بەغدا گۆڕانکاریی بەسەردا هات و هێزە ئەمنییەکان دەروازەکانی ناوچەی سەوزیان بە رووی هاتووچۆدا داخست، هەروەها پشکنین و لێکۆڵینەوە لە ماڵ و شوێنی کارکردنی چەندین کەسایەتیی دیار ئەنجام دراوە.
بەپێی زانیارییەکان، لیستێکی نوێ و فراوان لە ناوی داواکراوان لەلایەن دەسەڵاتی دادوەرییەوە ئامادە کراوە، کە ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسانی باڵا و بازرگانان دەگرێتەوە، کە تۆمەتبارن بە بەهەدەردانی سامانی وڵات و دەوڵەمەندبوونی نایاسایی، سەدر ئەم هەڵمەتەی وەک هەنگاوێکی گرنگ بۆ "پاراستنی ماڵی گشتی" وەسف کردووە.
PM:03:28:28/06/2026
ئهم بابهته 428
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت