هاوژینی حەلبوسی: دادگا چاوەڕێی ئەو کەسانەیە کە ئارامیی منیان تاقیکردەوە


وێستگەنیوز -

دکتۆر نوار عاسم، راگەیاندنکار و هاوژینی محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی پارتی تەقەدوم، پەیامێکی نوێی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکردەوە و تێیدا بەرگری لە پێگەی خۆی دەکات بەرامبەر ئەو شەپۆلە رەخنەیەی لە ماوەی رابردوودا رووبەڕووی بووەوە.


نوار عاسم لە گوتارەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، هەمیشە بیرکردنەوەی لە ئاستێکی بەرزدا بووە و زمان پاراو بووە لە قسەکردندا، هەروەها جەختی کردووەتەوە کە هیچ کاتێک خۆی بە شتە بێبایەخەکانەوە سەرقاڵ نەکردووە و بە پەروەردەیەکی باش وەڵامی رەفتارە خراپەکانی داوەتەوە.

هاوژینی سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی عێراق دەڵێت: "دوورکەوتنەوەم لە توڕەیی نیشانەی بێئاگایی نییە لە وەڵامەکان، بەڵکو بەهۆی ئەوەی چاک دەزانم قورسایی ئەو قسانە چییە کە رەنگە بیڵێم"، لە کۆتایی پەیامەکەشیدا هۆشداری توند دەدات و رایدەگەیەنێت: "بۆ هەرکەسێک کە ئارامیی منی تاقیکردەوە و گرەوی لەسەر کرد، دەسەڵاتی دادوەری چاوەڕێی ئێوەیە".

ئەم لێدوانە توندەی نوار عاسم دوای ئەوە دێت کە لە ماوەی رابردوودا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا رەخنەی زۆری لێگیرا سەبارەت بە شێوازی ژیانی، بەکارهێنانی ئۆتۆمبێل و پۆشینی جلوبەرگی گرانبەها لە کاتی دەرکەوتنەکانیدا.

هاوکات لەگەڵ ئەم رەخنانەدا، چەندین لایەن تۆمەتی تێوەگلانی ناوبراو لە بردن یان بەهەدەردانی بڕی 450 ملیار دیناری عێراقی دەورووژێنن، بەهۆی قەبارەی ئەم پارەیەشەوە، لە ئێستادا داواکارییەکی بەرفراوان هەیە بۆ ئەوەی دەستەی دەستپاکی عێراق بێتە سەر هێڵ و لێکۆڵینەوەیەکی ورد و گشتگیر لەبارەی سەروەت و سامان و سەرچاوە داراییەکانی ئەنجام بدات بۆ دەرخستنی راستییەکان.


PM:01:56:25/06/2026


ئه‌م بابه‌ته 204 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو