فوئاد حوسێن: عێراق دەتوانێت رۆڵێکی ئەرێنی لە نزیککردنەوەی نێوان تاران و واشنتۆن بگێڕێت


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ سێشەممە 23ی حوزەیرانی 2026، فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند، حکومەتی نوێی عێراق دیدگایەکی روونی بۆ سیاسەتی دەرەوە هەیە و گەشەپێدانی ئابووری و سەقامگیری ناوچەکەی خستووەتە پێشەنگی کارەکانییەوە.


وەزیری دەرەوە لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوە کرد، کە لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی کۆمکاری عەرەبیدا، زنجیرەیەک دیداری لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی میسر، ئوردن و وڵاتانی کەنداو ئەنجامداوە، وتیشی: "پەیوەندییەکانی عێراق و کەنداو باشن، بەڵام جەنگ و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە هەندێک ئاڵەنگارییان دروست کردووە کە کار بۆ چارەسەرکردنیان دەکەین".

سەبارەت بە پڕۆژە ستراتیژییەکان فوئاد حوسێن، جەختی لە گرنگی بەردەوامبوون لە پلانی جێبەجێکردنی بۆری نەوتی بەسرە – عەقەبە کردەوە، هەروەها ئاشکرای کرد کە لە چەند رۆژی داهاتوودا سەردانی دیمەشقی پایتەختی سوریا دەکات بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دۆسیە ئابوورییەکان و پڕۆژەی راکێشانی بۆرییەکی تری نەوت بەرەو سوریا.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، وەزیری دەرەوە تیشکی خستە سەر پەیوەندییە مێژووییەکانی عێراق و ئێران و رایگەیاند، عێراق دەتوانێت رۆڵێکی ئەرێنی لە نزیککردنەوەی بیروڕاکانی نێوان تاران و واشنتۆن بگێڕێت، ئاماژەی بەوەش کرد کە پاڵپشتییەکی عەرەبی هەیە بۆ ئەو هەوڵانەی عێراق کە ئامانجیان بنیاتنانی سیستەمێکی ئەمنیی هەرێمییە و هەموو وڵاتانی ناوچەکە، لەوانەش کۆماری ئیسلامیی ئێران بگرێتەوە.


PM:02:02:23/06/2026


ئه‌م بابه‌ته 412 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو