عەلی زەیدی و ئەردۆغان دۆسیەی هەناردەکردنی نەوتیان تاوتوێکرد
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ دووشەممە 22ی حوزەیرانی 2026، عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا ئەنجامدا و پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و رێگاکانی پتەوکردن و پەرەپێدانیان لە بوارە جیاجیاکاندا تاوتوێ کرد.
بەپێی راگەیەندراوی سەرۆک وەزیرانی عێراق بێت، لەمیانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا تاوتوێی چەند پرسێکی جێی بایەخی هەردوولا کرا، لەسەرووی هەموویانەوە دۆسیەی هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی بۆری کەرکوک-جەیهانەوە و کارکردنی هاوبەش بۆ پەرەپێدانی میکانیزمەکانی هەناردەکردنی نەوتی عێراق بۆ بازاڕەکانی ئەوروپا.
هەروەها لە هەردوولا تاوتوێی پرسی ئاویان کرد، و جەختکرایەوە لەسەر گرنگیی بەردەوامبوونی دیالۆگ و هەماهەنگی بۆ گەیشتن بە لێکتێگەیشتن و ڕێککەوتنی هاوبەش بۆ بەدیهێنانی بەرژەوەندییەکانی هەردوو وڵات، هەروەها تاوتوێی واژۆکردنی رێکەوتننامە و یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لە بوارەکانی غاز و کشتوکاڵ کرا، بەشێوەیەک هاوبەشی ئابووری و گەشەپێدانی نێوان عێراق و تورکیا بەهێزتر دەکات.
لەمیانی پەیوەندییەکەدا هەردوولا گرنگی پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان و رۆڵی ستراتیژییان لە بەهێزکردنی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکانی نێوان هەردوو وڵات و ناوچەکە دووپاتکردەوە و جەختکرایەوە لەسەر بەردەوامبوون لە جێبەجێکردنی، بەوپێیەی زۆر گرنگە بۆ عێراق و تورکیا.
سەرۆکی تورکیا بانگهێشتەکەی بۆ سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران نوێ کردەوە بۆ سەردانی کردنی ئەنقەرە، کە بڕیارە لە کۆتایی مانگی تەموزی داهاتوودا ئەنجام بدرێت، بە ئامانجی تاوتوێکردنی پرسە دووقۆڵییەکان و بەهێزکردنی هاوکارییە هاوبەشەکان لە بوارە جیاجیاکاندا، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەستە بە دەستپێکردنی پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدان.
هەروەها سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بانگهێشتی کۆمپانیا تورکییەکانی کرد بۆ وەبەرهێنان لە عێراق و سوودوەرگرتن لە دەرفەتی وەبەرهێنانی بەردەست لە کەرتە جیاجیاکان و جەختی کردەوە لەسەر رۆڵی گرنگی کەرتی تایبەت لە پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان هەردوو وڵات.
PM:08:53:22/06/2026
ئهم بابهته 152
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت