وەزارەتی نەوتی عێراق: لەبارەی هەناردەکردنی نەوتەوە رێككەوتنێكی زۆر باشمان لەگەڵ هەرێمی كوردستان هەیە


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ دووشەممە 15ی حوزەیرانی 2026، سەلیم روکابی، وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق لە لێدوانێکدا بە کوردستان24ـی راگەیاندووە، "لە ئەنجامی گفتوگۆکانی نێوان وەزارەتی نەوت و وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم و نوێنەری کۆمپانیا نەوتییەکان، رێککەوتنێکی سێ قۆڵی زۆر باش هاتووەتە ئاراوە بۆ بەڕێوەبردنی دۆسیەی نەوت".


ئاماژەی بەوەکردووە، "بەرهەمی ئێستای نەوتی عێراق نزیکەی ملیۆنێک و 500 هەزار بەرمیلە لە رۆژێکدا، بەشێکی بۆ بەکاربردنی نێوخۆیی، وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا بەشێکی دیکەش هەناردەی دەرەوە دەکرێت، لەبارەی زیادکردنی بەرهەمهێنان".

وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق راشیگەیاندووە، "پلانی زیادکردنی بەرهەم و گەیشتن بە ئاستی پێشوومان هەیە، بەڵام ئەمە پەیوەیستە بەکردنەوەی گەرووی هورمز، چونکە ئاستی پێشووی بەرهەم نزیکەی پێنج ملیۆن بەرمیل بوو لە رۆژێکدا".

پەیوەست بە هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی بۆریی نەوتیی بەندەری جەیهان، وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق وتویەتی، "بڕی نەوتی هەناردەکراو جێگیر نییە، بەڵام بە گشتی رۆژانە 150 هەزار بەرمیل نەوت لە هەرێمی کوردستانەوە هەناردە دەکرێت".

وتوشیەتی، "کۆبوونەوەیەک لەسەر ئاستی باڵا لەگەڵ کۆمپانیاکان کراوە و باسی سەرجەم ئەو ئاستەنگ و بەربەستانە کراوە کە لەبەردەم گەڕانەوەی کۆمپانیاکانی نەوتە لە هەرێمی کوردستان بۆ کارەکانیان، لەو کۆبوونەوەیە عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بەڵێنی بە کۆمپانیاکاندا بەدواداچوون بۆ کێشەکان بکات و چارەسەری پێویستیان بۆ بدۆزێتەوە. داواشی لە کۆمپانیاکان کرد، دەستبەجێ دەست بە کارەکانیان بکەنەوە".

ئەوەشی خستووەتەڕوو، "لە کۆبوونەوەکەدا، کۆمپانیاکان داوای گرێنتی ئەمنیان کرد، بەر لە هەموو شتێک داواکارییان ئەوە بوو ئاسایشی پێویستیان بۆ دەستبەر بکرێت بۆ ئەوەی دەست بە بەرهەمهێنان و هەناردەی نەوت بکەنەوە".

روکابی لەبارەی دانەوەی شایستەکانی ئەو کۆمپانیایانە ئەوەشی باسکردووە، "لە رێگەی یاسای بودجەی فیراڵی گرێنتی دانەوەی سەرجەم شایستەکان کراوە، بەڵام بەشێوەی سلفە دەدرێتەوە، تاکوو کۆمپانیای راوێژکاریی لە هەڵسەنگاندن تەواو دەبێت و تێچووی بەرهەمهێنان گواستنەوەی نەوت دیاری دەکات، پاشان لە لایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵەوە پرسەکە یەکلایی دەکرێتەوە".


PM:11:22:15/06/2026


ئه‌م بابه‌ته 152 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت