عێراق پشتیوانی خۆی بۆ رێککەوتنی ئەمریکا و ئێران رادەگەیەنێت


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ دووشەممە 15ی حوزەیرانی 2026، وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا، پێشوازیی خۆی بۆ گەیشتن بە یاداشتی لێکتێگەیشتن لە نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەربڕی، وەزارەت جەختی کردەوە کە پشتگیری تەواوی ئەو هەوڵانە دەکەن کە ئامانجیان پێشخستنی چارەسەرە دیپلۆماسییەکانە لە ناوچەکەدا.


ئاماژە بەوەدراوە، وەزارەتی دەرەوە بە نوێنەرایەتی حکومەت و گەلی عێراق، پیرۆزبایی لە هەردوو وڵاتی ئێران و ئەمریکا کرد و هیوای خواست ئەم هەنگاوە ببێتە سەرەتایەک بۆ کردنەوەی ئاسۆیەکی نوێی لێکتێگەیشتن و هاوکاری، کە خزمەت بە بەرژەوەندیی گەلانی ناوچەکە بکات هەروەها ستایشی رۆڵی وڵاتی پاکستان و دەوڵەتی قەتەری کرد بۆ هەوڵەکانیان لە نێوەندگیری و سەرخستنی رێڕەوی دانوستانەکان تا گەیشتن بە کۆتاییهێنان بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە، کە هەڵوێستی بنچینەیی عێراق هەمیشە لەسەر بنەمای رەتکردنەوەی جەنگ و پشتبەستن بە گفتوگۆ بووە، ئاماژە بەوەش کراوە، کە عێراق بەدەست لێکەوتەکانی ململانێ و جەنگەکانەوە زۆر ناڵاندوویەتی، بۆیە بە پێویستی دەزانێت هەوڵە نێودەوڵەتییەکان چڕ بکرێنەوە بۆ رێگریکردن لە پەرەسەندنی گرژییەکان و دوورکەوتنەوە لە رووبەڕووبوونەوەی نوێ.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە بەشێکی تری بەیاننامەکەیدا، خۆشحاڵی خۆی بۆ راگەیاندنی کاتی کردنەوەی گەرووی هورمز بە رووی هاتووچۆی دەریاوانیدا دەربڕی، جەختی لەوەش کردەوە، کە ئەمە هەنگاوێکی ستراتیژییە بۆ دەستەبەرکردنی رەوتی ئاسایی رۆیشتنی نەوت و گاز بۆ بازاڕەکانی جیهان و بەهێزکردنی سەقامگیریی بازاڕی نێودەوڵەتیی وزە.

لە کۆتاییدا وەزارەت دووپاتی کردەوە کە عێراق لەسەر سیاسەتی هاوسەنگی خۆی بەردەوام دەبێت و رۆڵی هەمیشەیی خۆی دەگێڕێت بۆ نزیککردنەوەی روانگەی نێوان وڵاتانی ناوچەکە و بونیادنانەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەو وڵاتانەی بەهۆی تەنگژەکانی دواییەوە زیانیان بەرکەوتووە.


PM:01:41:15/06/2026


ئه‌م بابه‌ته 100 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو