وەزارەتی کشتوکاڵ: ژوورێکی عەمەلیات بۆ کۆنترۆڵکردنی تای خوێنبەربوون پێکهێنرا
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ سێشەممە 9ی حوزەیرانی 2026، میساق عەبدولحسێن خەفاجی، راوێژکاری هونەریی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق ئاشکرای کرد، کە "بە مەبەستی چاودێریکردنی وردی حاڵەتەکانی تووشبوون بە نەخۆشی تای خوێنبەربوون و رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری، ژوورێکی عەمەلیاتی تایبەتیمان پێکهێناوە".
هەروەها ڕایگەیاند، "ئەم ژوورە ئەرکی بەدواداچوونی مەیدانی و جێبەجێکردنی پلانەکانی کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییەکەی لەسەر شانە، ئاماژەی بەوەش کرد کە "لە کۆبوونەوەی ژوورەکەدا کۆمەڵێک راسپاردە و رێکاری نوێ بۆ خۆپارێزی و پاراستنی تەندروستی گشتی و سامانی ئاژەڵ دوپاتکراونەتەوە".
ئەم هەنگاوەی وەزارەتی کشتوکاڵ لە کاتێکدایە کە ئامارەکانی تووشبوون بە شێوەیەکی خێرا روویان لە زیادبوون کردووە، بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی تەندروستی، تەنها لە ماوەی هەفتەی رابردوودا 40 حاڵەتی نوێی تووشبوون و یەک حاڵەتی گیانلەدەستدان بەهۆی ئەو نەخۆشییەوە تۆمارکراون.
سەیف یوسف، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، "لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا کۆی گشتی تووشبووان گەیشتووەتە 145 کەس و 9 حاڵەتی گیانلەدەستدانیش هەبووە"، جەختیشی کردەوە کە رێکارەکانی دەستنیشانکردن و چارەسەرکردنی تووشبووان لە سەرانسەری وڵاتدا بەردەوامییان هەیە.
سەبارەت بە ریزبەندیی پارێزگاکان لە رووی رێژەی تووشبوونەوە، پارێزگای زیقار بە 21 حاڵەت لە پلەی یەکەمدایە، دوای ئەویش پارێزگای موسەننا بە 6 حاڵەت و بەسرە بە 3 حاڵەت و یەک گیانلەدەستدان دێن, هەروەها لە پارێزگاکانی میسان، واست و سەڵاحەدین هەریەکەیان 2 حاڵەت، و لە پارێزگاکانی نەینەوا، بەغداد، دیالە و بابلیش هەریەکەیان 1 حاڵەتی تووشبوون تۆمارکراوە.
PM:02:21:09/06/2026
ئهم بابهته 128
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت