وەزارەتی نەوتی عێراق: گرێبەستە کۆنەکانی هەرێم کاران و بڕی 16 دۆلارەکەش کاتییە


وێستگەنیوز -

وەزارەتی نەوتی عێراق نوێترین زانیاری لەبارەی گرێبەستە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان و تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت ئاشکرا دەکات و رایدەگەیەنێت، لە ئێستادا هیچ پلانێک بۆ واژۆکردنی گرێبەستی نوێ لەگەڵ کۆمپانیاکانی نەوت لە هەرێم لە ئارادا نییە.


ئەمڕۆ 6ی حوزەیرانی 2026، سەلیم روکابی، وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، گرێبەستەکانی پێشووی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا بیانییەکان تاوەکو ئێستا کاران و کاریان پێدەکرێت بۆیە هیچ گرێبەستێکی نوێ واژۆ ناکرێت، ئاماژەی بەوەش کرد کە کشانەوەی هەندێک لەو کۆمپانیایانە لە رابردوودا بەهۆی هۆکاری ئەمنییەوە بووە بەڵام لە ئێستادا بە سەرۆکایەتی سەرۆک وەزیران کۆبوونەوەیان لەگەڵ کراوە و هاندراون بۆ ئەوەی دەستبەجێ دەستبەکار ببنەوە و هەموو ئاستەنگەکانی بەردەمیان چارەسەر بکرێت.

سەبارەت بە تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت کە یەکێکە لە پرسە جێناکۆکەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، روکابی روونی کردەوە کە ئەو بڕە پارەیەی بە 16 دۆلار دیاریکراوە، لە یاسای بودجەی گشتییدا تەنیا وەک پێشینە - سولفە جێگیر کراوە.

گوتەبێژی وەزارەت دەشڵێت، "ئەم بڕە پارەیە بە کاتی دەمێنێتەوە تا ئەو کاتەی کۆمپانیای راوێژکاری نێودەوڵەتی، کە ئەرکی دیاریکردنی تێچووی راستەقینەی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی پێسپێردراوە، کارەکانی تەواو دەکات و تێچووە دروستەکان دیاری دەکات".

ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە، بەهۆی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و دروستبوونی کێشە بۆ هەناردەی نەوتی عێراق لە رێگەی تەنگەی هورمزەوە، لە ئێستادا عێراق بۆ هەناردەکردنی زۆربەی نەوتەکەی پشت بە بۆرییەکانی هەرێمی کوردستان دەبەستێت بۆ گەیاندنی نەوت بە بەندەری جەیهانی تورکیا.


PM:08:58:06/06/2026


ئه‌م بابه‌ته 452 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت