کەتایبی سەیدلشوهەدا: هەوڵدان بۆ چەککردنی گروپەکان دەبێتە هۆی رووخانی حکومەت
وێستگەنیوز-
کازیم فەرتوسی، وتەبێژی کەتایبی سەیدلشوهەدا هۆشدارییەکی تووند ئاراستەی دەسەڵاتدارانی عێراق دەکات لەبارەی هەر هەوڵێک بۆ چەککردنی گروپە چەکدارەکان و رایدەگەیەنێت، هەنگاوێکی لەو شێوەیە دەبێتە هۆی رووخانی کابینەی حکومەت.
فەرتوسی لە لێدوانێکی تەلەفزیۆنیدا ئاماژەی بەوەکردووە، "پێویستە حکومەت بە یەکجاری دەستبەرداری پرسی چەککردنی گروپەکان بێت، چونکە نەک هەر رووبەڕووی شکست دەبێتەوە، بەڵکو دەبێتە هۆی شەرمەزارییەکی گەورە بۆ دەسەڵاتداران".
ناوبراو داوای کرد، "بەرپرسان بە رۆحیەتێکی نیشتمانییەوە مامەڵە بکەن و چەکی ئەو گروپانە وەک بەشێک لە شکۆ و سەروەری خاکی عێراق تەماشا بکەن".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، وتەبێژی کەتایبی سەیدلشوهەدا رەخنەی لە سوپای عێراق گرت و بەراوردکارییەکی لە نێوان سوپا و گروپە چەکدارەکاندا کرد لە سەردەمی هێرشەکانی داعشدا، ئەو باسی لەوە کرد کە لەو کاتەدا هێزە ئەمنییەکان سەرکردایەتییەکی پێویستیان نەبوو و پاشەکشەیان کرد، بەڵام ئەوە گروپە چەکدارەکان بوون کە بەرگرییان کرد و وڵاتیان رزگار کرد، فەرتوسی جەختیشی کردەوە کە حەشدی شەعبی لە ئێستادا هەر لەلایەن ئەو گروپانەوە مەشقی پێکراوە و سەرکردایەتی دەکرێت.
سەبارەت بە پرسی مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق ئەو هەواڵانەی رەتکردەوە کە باس لە کشانەوەی ئەو هێزانە لە مانگی ئەیلوولی داهاتوودا دەکەن و وەک خەیاڵ وەسفی کردن، ناوبراو وتی، "تەنها کەسانی گەمژە متمانە بە لێدوانەکانی ئەمریکا دەکەن".
هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، "هەر کشانەوەیەک لە رابردوودا روویدابێت، بەهۆی فشار و چەکی هێزەکانی مقاوەمەوە بووە، نەک لە رێگەی رێککەوتنی دیپلۆماسی لە نێوان بەغداد و واشنتۆن".
PM:10:34:05/06/2026
ئهم بابهته 444
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت