سەرۆک کۆماری عێراق: پێویستە پاراستنی ژینگە بکرێتە کولتوور و رەفتارێکی رۆژانە


وێستگەنیوز -

ئەمڕۆ هەینی 5ی حوزەیرانی 2026، نزار ئامێدی، سەرۆک کۆماری عێراق، لە رۆژی جیهانیی ژینگەدا پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا پابەندبوونی خۆی بۆ پشتگیریکردنی ئەو دەستپێشخەرییانە نوێکردەوە کە لە خزمەتی پاراستنی ژینگە و گەشەپێدانی بەردەوامدان.


نزار ئامێدی لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" ئاماژەی بەوە کرد، کە بنیاتنانی وڵاتێکی بەهێز بەستراوەتەوە بە هەبوونی ژینگەیەکی تەندروست و گونجاو، جەختیشی کردەوە کە داهاتووی عێراق لە پاراستنی خاک، ئاو و هەواکەیەوە دەست پێدەکات.

لە پەیامەکەیدا سەرۆک کۆماری عێراق ئەوەشی خستەڕوو، عێراق خاوەنی سەروەت و سامانێکی سروشتی بێشومار و میراتێکی شارستانی دێرینە کە هەزاران ساڵە بە خاک و ئاوەکەیەوە گرێدراوە، ئەوەش بەرپرسیارێتییەکی گەورە دەخاتە ئەستۆی هەمووان بۆ پاراستنی ئەو نیعمەتانە.

لە کۆتایی پەیامەکەیدا، نزار ئامێدی داوای کرد کە پاراستنی ژینگە بکرێتە کولتوور و رەفتارێکی رۆژانە و وەک پڕۆژەیەکی نیشتمانی مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، بە جۆرێک کە هەم دەوڵەت و هەم کۆمەڵگە پێکەوە تێیدا بەشدار بن بۆ پاراستنی ژینگەی وڵات.


PM:04:25:05/06/2026


ئه‌م بابه‌ته 528 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت