عەلی زەیدی مۆڵەتێکی کەم بە وەزیرەکان دەدات بۆ ئاشکراکردنی سەروەت و سامانەکانیان
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ شەممە 16ی ئایاری 2026، عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق سەرپەرشتیی یەکەمین کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجومەنی وەزیرانی کرد و تێیدا رێنماییەکانی ئاراستەی وەزیرەکان کرد.
بەپێی راگەیەندراوی نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بێت، عەلی زەیدی پاکێجێک لە رێنمایی و راسپاردەی ئاراستەی وەزیرەکان کرد کە وەک نەخشەڕێگایەک دەبێت بۆ جێبەجێکردنی سیاسەتەکانی حکومەت، ئامانجەکان و پێشینەکانی کارکردنی کە خزمەت بە هاوڵاتییان دەگەیەنێت، هەروەها دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزاری و ئابووری و پەرەپێدانی ئاستی کارکردنی دامەزراوەیی.
بە پێی راگەیەنراوەکە، سەرۆک وەزیران فەرمانی کرد بە داڕشتنی سیاسەتێکی ئابووریی گشتگیر بۆ وڵات و پێکهێنانی ئەنجومەنی سەقامگیریی دارایی، هەروەها جەختیکردەوە کە وەزارەتی نەوت نابێت تەنیا وەزارەتێک بێت بۆ فرۆشتنی نەوتی خاو، بەڵکو دەبێت ببێتە وەزارەتێکی خاوەن بەهای زیادکراو بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنان، هەناردەکردن و پەرەپێدانی کەرتی نەوت.
هاوکات وەزارەتی دەرەوەی راسپارد کە بە پەلە راپۆرت و کارنامە ئامادە بکات سەبارەت بە دۆسیەکانی کاراکردنەوەی پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ دەوروبەری عەرەبی، هەرێمی و نێودەوڵەتی.
سەبارەت بە وەزارەتی کارەباش، سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق، جەختی کردەوە کە پێویستە دوو کارنامە ئامادە بکرێت؛ یەکەمیان بۆ چارەی خێرا بە مەبەستی مامەڵەکردن لەگەڵ قەیرانی کارەبا لەم هاوینەدا و ئەوەی دیکەشیان درێژخایەن بێت بۆ چارەکردن و پەرەپێدانی تۆڕی کارەبا، هەروەها وەزارەتی تەندروستیی راسپارد بۆ کاراکردنی یاسای بیمەی تەندروستی.
سەبارەت بە کەرتی پەیوەندییەکان و گواستنەوە، زەیدی فەرمانی کرد بە کارکردنی چڕ بۆ تەواوکردنی پرۆسەی گۆڕانکاریی دیجیتاڵی و حوکمڕانیی ئەلیکترۆنی بە شێوەیەکی گشتگیر.
ئاماژەی بەوەشدا، کە پێویستە وەزارەتی گواستنەوە بەشدارییەکی کارا بکات لە پاڵپشتیکردنی ئابووریی وڵات و بەرزکردنەوەی بودجەی دەوڵەت، ئەمەش لە رێگەی هێڵێکی دەستپێکی روون و دیاریکراو لە جێبەجێکردنی "رێگەی گەشەپێدان" و خێراکردن لە بەستنەوەی عێراق بە زنجیرەکانی بازرگانیی جیهانییەوە.
رێنمایی و راسپاردەکانی عەلی زەیدی:
-لە یەک هەفتەدا وەزیرەکان راپۆرتی سامانەکانیان پێشکەش بکەن.
-رێکارەکانی گۆڕانکاریی لە وەزارەتەکان راگیران.
-دیاریکردنی پێشینەکانی کارکردن بۆ هەر وەزارەتێک لە ماوەی (30) رۆژی کارکردندا، بۆ ئەوەی بخرێتە ناو بەرنامەی کاری حکوومەت.
-هەڵبژاردنی بەڕێوەبەری نووسینگەی وەزیر تەنیا لە نێو فەرمانبەرانی خودی وەزارەتەکەدا بێت.
-مامەڵەکردن لەگەڵ باڵیۆزە عەرەبی و بیانییەکان لە چوارچێوەی رێکارە فەرمییەکان و بە ئامادەبوونی نوێنەری وەزارەتی دەرەوە، لەگەڵ رەچاوکردنی بەرژەوەندییەکانی عێراق.
-رەخساندنی بواری تەواو بۆ ئەنجومەنی نوێنەران تا رۆڵی چاودێری و یاسادانانی خۆی ببینێت و پەیوەندی لەگەڵ لیژنە پەرلەمانییەکان بپارێزرێت.
-دۆزینەوەی تێڕوانینێکی روون بۆ بەڕێوەبردنی وەزارەت و پێداچوونەوە بە رێکارەکانی تایبەت بە مامەڵەی هاوڵاتییان و ئاسانکارییان بۆ بکرێت.
-پێدانی ئەولەوییەت بە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و گرتنەبەری رێکارە خۆپارێزییەکان، هەروەها هاوکاریکردنی دەستەی دەستپاکی فیدراڵی و ئاسانکاریکردن بۆ کارەکانیان، لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر گەڕاندنەوەی ئەو پارە عێراقییانەی براونەتە دەرەوەی وڵات.
PM:06:52:16/05/2026
ئهم بابهته 148
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت