تاران هۆشداری دەدات و دەڵێت: پەنجەمان لەسەر پەلەپیتکەیە و پابەندین بە دیپلۆماسییەوە
وێستگەنیوز-
لەگەڵ پاشەکشەی نیشانەکانی گەشبینی بۆ گەیشتن بە ڕێکەوتنێک کە کۆتایی بە شەڕی نێوان ئێران و ئەمریکا بهێنێت، فاتیمە مەهاجەرانی، وتەبێژی حکومەتی ئێران، جەختی لهوه کردەوە وڵاتەکە لەوپەڕی ئامادەییدایە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر دەستدرێژییەک.
ئهمڕۆ سێ شهممه، 12ی ئایاری 2026، وتەبێژەکەی حكومهتی ئێران، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "پەنجەمان لەسەر پەلەپیتکەیە، بەڵام سەرنجمان هێشتا لەسەر ئاشتییەکی بەردەوامە".
هەروەها وەک ئاژانسی "ئیسنا" بڵاویکردووەتەوە، ئاماژەی بەوە کردووە دەسەڵاتدارانی ئێران، پابەندن بە ڕێڕەوی دیپلۆماسی و ئەو چارەسەرانەی لەسەر بنەمای بەرژەوەندییەکانی وڵات و گەلی ئێرانن.
لای خۆیەوە، محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، پێشتر هۆشداری دابوو "هێزە چەکدارەکان ئامادەن وەڵامی هەر دەستدرێژییەک بدەنەوە".
هەروەها قالیباف له پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی (ئێكس) ڕایگەیاند: "ستراتیژیی هەڵە و بڕیاری هەڵە، هەمیشە دەبنە هۆی ئەنجامی هەڵە، هەموو جیهانیش پێشتر درکیان بەوە کردووە".
سهرۆكی پهرلهمان له بهشێكی دیكهی لێدوانهكهیدا دەڵێت: "ئێمە بۆ هەموو بژاردەکان کراوەین و سەرسام دهبن".
ئهو لێدوانه، دوای ئەوە هات دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ئێوارەی دوێنێ ڕایگەیاند وەڵامی ئێران، بۆ پێشنیازەکەی ئەمریکا زۆر خراپە، ئاماژەی بەوەش کرد ڕێکەوتنی ئاگربەست کە لە هەشتی نیسانی ڕابردووەوە کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئێستا لە "ژووری چاودێری چڕدایە"؛ ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ ئەگەری گەڕانەوەی ئەو شەڕەی کە لە 28ی شوباتی ڕابردوو تەقییەوە.
هاوکات بەرپرسانی ئاگاداری ئەمریکا، وەک ئەوەی تۆڕی (CNN) گواستوویەتیەوە، ئاشکرایان کردووە ترەمپ ئێستا بە جدیتر بیر لە دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان دەکاتەوە.
بەرپرسەکان ڕوونیان کردووەتەوە سەرۆکی ئەمریکا، ئارامیی بەرانبەر بەردەوامیی داخستنی گەرووی هورمز کەم بووەتەوە، هەروەها بەرانبەر بەوەی کە ئەو وەک "ناکۆکیی ناوخۆیی لەناو سەرکردایەتی ئێراندا" دەیبینێت، کە ڕێگرە لە توانای ئەوان، بۆ پێشکەشکردنی سازشی بنەڕەتی لە دانوستانە ئەتۆمییەکاندا.
هاوکات، پاکستان كه بۆ نزیککردنەوەی دیدگای هەردوو وڵات، ڕۆڵی نێوەندگیر دەگێڕێت و له پێناو کۆتاییهێنان بە شەڕەکە، بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ هاندان بەرەو گەیشتن بە ڕێککەوتنێک.
ههمو ئهوه لەکاتێکدایه، دۆسیەی ئەتۆمی خاڵی سەرەکیی ناکۆکییە، لە دانوستانەکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئێران، بۆ کۆتاییهێنان بەو ململانێیەی لە کۆتایی شوباتەوە دەستی پێکردووە.
تاران دەیەوێت لە قۆناغێکی دواتردا، باسی پرسە ئەتۆمییەکان بکات، لە کاتێکدا واشنتۆن پێداگری دەکات لەسەر پێویستی گواستنەوەی کۆگای یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئاستبەرز، بۆ دەرەوەی وڵات و دەستبەرداربوون لە پیتاندنی یۆرانیۆم لە ناوخۆی وڵاتدا.
PM:01:55:12/05/2026
ئهم بابهته 128
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت