موقتەدا سەدر پەیامێک ئاڕاستەی عەلی زەیدی دەکات و چەند مەرجێکی بۆ دادەنێت


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ هەینی 8ی ئایاری 2026، موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر لە بەیاننامەیەکدا شەش مەرجی بۆ عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی راسپێردراوی عێراق دیاریکرد بۆ بەدەستهێنانی رەزامەندی گەل و رەوتەکەی.


لە بەیاننامەکەدا سەدر ئامادەیی خۆی نیشاندا بۆ هەڵوەشاندنەوەی باڵە سەربازییەکانی و رادەستکردنیان بە دەوڵەت، هەروەها دەڵێت، "بە هیچ شێوەیەک لە کابینەی داهاتوودا بەشدار نابم".

ئاماژەی بەوەشداوە، ئەگەر سەرۆک وەزیرانی راسپێردراو دەیەوێت رەزامەندی خودا، گەل و "ئال سەدر" بەدەستبهێنێت، دەبێت ئەم خاڵانە جێبەجێ بکات:

یەکەم: گۆڕینی گرووپە چەکدارەکان بۆ پێکهاتەی مرۆیی یان گرووپێکی ئایینی (جند الشعائر الدينية) لەژێر سەرپەرشتی دەستەی حەج و عومرەدا، یان گۆڕینیان بۆ رێکخراوی فریاگوزاری. سەدر ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەر لایەنەکان ئەمە بکەن، ئەو ئامادەیە "لیوای یەومول مەوعود" هەڵبوەشێنێتەوە و "سەرایا سەلام"یش رادەستی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان بکات.

دووەم: دوورکەوتنەوە لە "خلطة العطار" (پشتبەستن بە پشتبەندی سیاسی و مەزهەبی) لە پێکهێنانی کابینەی وزاریی، و دوورخستنەوەی هەموو ئەو لایەنانەی باڵە چەکدارەکانیان هەیە.

سێیەم: کارکردن بۆ سەربەخۆیی راستەقینەی عێراق و رێگریکردن لە هەر دەستوەردانێکی دەرەکی، بە دروشمی "نە رۆژهەڵاتی و نە رۆژئاوایی".

چوارەم: دەستپێکردنی هەڵمەتێکی خێرا بۆ بنبڕکردنی گەندەڵی لە ماوەی تەنیا 90 رۆژدا، بە مەرجێک لە دۆسیەی "دزی سەدە" و سزادانی تاوانبارانەکەیەوە دەستپێبکات.

پێنجەم: بەهێزکردنی پەیوەندییە دەرەکییەکانی عێراق لەسەر ئاستی عەرەبی، ئیسلامی و نێودەوڵەتی، بە جۆرێک پارێزگاری لە شکۆی عێراق بکرێت و رێگری لە دەستوەردان بکرێت.

شەشەم: موقتەدا سەدر جەختی کردەوە کە رازی نابن هیچ ئەندامێکی "رەوتی نیشتمانیی شیعە" لە کابینەی داهاتوودا هەبێت و دەشڵێت، "هیچ وەزیرێک نوێنەرایەتی ئێمە ناکات".


PM:03:15:08/05/2026


ئه‌م بابه‌ته 820 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت