پێداویستییەکانی حەج دەبێتە جێی مشتومڕ: فڵچە و هه‌ویری ددانی "ئەبو ڕوبع" و چەترێک لە بەرانبەر ملیۆنان دیناردا!


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 7ی ئایاری 2026، سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئاشکرای کردووه‌ حاجیانی عێراق، لە سەنتەرەکانی دابەشکردنی دەستەی حەج و عومرە لە بەغداد و پارێزگاکان، دەستیان کردووە بە وەرگرتنی ئەو پێداویستییانەی بۆ وەرزی حەج تەرخانکراون.


سەرچاوەکە بۆ ماڵپه‌ڕی "بەغداد ئەلیەوم" ڕوونی کردووه‌ته‌وە، ئەو کەلوپەلانەی ڕادەست کراون، بریتین لە "فڵچەی ددان، چەتری خۆر، هه‌ویری/مه‌عجونی ددان" لە جۆرە زۆر سادەکان کە نرخەکەیان لە بازاڕەکانی فرۆشتن به‌ جومله‌، لە 500 دیناری عێراقی تێپەڕ ناکات.

حاجیان لە ڕێگەی پەیوەندیکردنیان بە ماڵپه‌ڕی ناوبراوه‌وه‌، سەرسوڕمانی خۆیان لە نزمیی کوالیتی ئەم ماددانە دەربڕی، بەتایبەت کە تێچووی حەج بۆ ئەمساڵ، گەیشتووەتە نزیکەی حەوت ملیۆن دینار و پێیانوایه‌ ئەم پێداویستییانە تەنها "ڕەمزیین" و لەگەڵ ئەو بڕە پارانەی دراون ناگونجێن.

دۆسیەی حەج لە عێراق، ساڵانە مشتومڕ لەسەر جۆری ئەو خزمەتگوزارییانە بەخۆوە دەبینێت کە پێشکەش دەکرێن، لە نیشتەجێکردن و خواردنەوەوه‌ بیگرە تا دەگاتە ڕێکخستن و گواستنەوە و ئەو پێداویستییە سەرەتاییانەی کە حاجی وەریان دەگرێت.


PM:01:45:07/05/2026


ئه‌م بابه‌ته 120 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت