وادەی یەکەم دانیشتنی دادگاییکردنی عەجاج راگەیەندرا و پارێزەری دۆسیەکە زانیاریی دەخاتەڕوو


وێستگەنیوز- سازگار ئەحمەد

ئەمڕۆ سێشەممە 5ی ئایاری 2026، ئەیاد کاکەیی، پارێزەری دۆسیەی عەجاج کە یەکێکە لە تاوانبارانی ئەنفال بە وێستگەنیوزی راگەیاند، "بڕیارە رۆژی پێنجشەممە 7ی ئایاری 2026، یەکەم دانیشتنی دادگاییکردنی عەجاج لە دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق لە رەسافە دەوروبەری کاتژمێر 9:00ی بەیانیی بەڕێوەبچێت".


ئاماژەی بەوەکرد، "گرنگە نوێنەری قوربانیان ئامادەبن لە دانیشتنەکە بۆ ئەو مەبەستەش نوێنەری قوربانیان لە چەمچەماڵ و دوز و گەرمیان و کۆیە و هەڵەبجە بانگهێشتی دادگاییەکە کراون و دەبێت رۆژی پێنجشەممە لە دانیشتەکەدا بن".

ئەیاد کاکەیی وتی، "عەجاج کە بەڕێوەبەری زیندانی نوگرەسەلمان بووە دانی بە سەرجەم تاوانەکانیدا ناوە کە تاوانەکانی بریتییە لە ئەشکەنجەدان و برسیکردن و دەسترێژیکردنە سەر ژنان و چەندین تاوانی دیکە".

وتیشی، "ئومێدەوارین رۆژی پێنجشەممە دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق هاوشێوەی بڕیارەکانی هەڵەبجە و بارزانی و ئەنفال بڕیار لەسەر عەجاج بدات و بە سزای خۆی بگات".

لەبارەی ئەوەی ئایا رۆژی پێنجشەممە بڕیاری کۆتایی دەدەرێت ئەیاد کاکەیی لە وەڵامدا ئاماژەی بەوەدا، "وردبینی تەواوەتی لە دۆسیەی عەجاجدا کراوە و دانی بە تاوانەکانیدا ناوە ئەمەش وایکردووە کارێکی وا نەمێنێتەوە بۆ دادگا و تەنها گوێ لە وتەی چەند سکاڵاکارێک بگرێت، بۆیە ئومێد دەکەین رۆژی پێنجشەممە دادگای بڕیاری کۆتایی بدات".

رۆژی 31ی تەموزی 2025 دەستگیرکردنی عەجاج ئەحمەد حەردان تکریتی راگەیەندرا کە بە "جەلادی ئەنفالکراوان" ناسراوە، ئەو تاوانانەی ئاراستەی کراون پەیوەندیدارن بە شەهیدکردنی ئەنفالکراوان لە گرتووخانەی نوگرەسەلمان لە پارێزگای موسەنا، لەو کاتەی کە بەرپرسی زیندانی نوگرە سەلمان بووە.


AM:10:41:05/05/2026


ئه‌م بابه‌ته 488 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت