ئەردۆغان پشتیوانی خۆی بۆ عەلی زەیدی دووپاتکردەوە


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ شەممە 2ی ئایاری 2026، عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیرانی راسپێردراوی عێراق، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەلایەن رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیاوە پێ گەیشت.


نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاوی کردەوە، لەمیانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، سەرۆک کۆماری تورکیا پیرۆزبایی خۆی ئاراستەی عەلی فالح زەیدی کردووە بە بۆنەی راسپاردنی بە شێوەیەکی فەرمی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق.

هەروەها ئاماژە بەوە کراوە، کە لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا هەردوولا گفتوگۆیان لە بارەی رێکارەکانی پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان بەغدا و ئەنقەرە و بەردەوامبوونی هەماهەنگییەکان لە بوارە جیاوازەکاندا کردووە، بە جۆرێک کە گرەنتیی پاراستنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان و قازانجی ئاڵوگۆڕکراوی نێوان هەردوو گەلی دۆست بکات.

لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکەدا، رەجەب تەیب ئەردۆغان جەختی لە پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ چەسپاندنی سەقامگیری لە عێراق و پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتی نوێ کردووەتەوە، هاوکات بانگهێشتێکی فەرمیی ئاراستەی سەرۆک وەزیرانی راسپێردراو کردووە بۆ ئەوەی لە نزیکترین دەرفەتدا سەردانی تورکیا بکات.


PM:11:12:02/05/2026


ئه‌م بابه‌ته 72 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت