تۆم باراک پیرۆزبایی لە عەلی زەیدی کرد


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ پێنجشەممە 30ی نیسانی 2026، عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیرانی راسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەلایەن تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سوریاوە پێگەیشت.


نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەدا، لە پەیوەندییەکەدا نێردەی ئەمریکا پیرۆزبایی خۆی ئاراستەی زەیدی کرد بەبۆنەی بە فەرمی راسپاردنی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق.

بەپێی راگەیەنەراوەکە، هەر لەمیانەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، هەردوولا تاوتوێی رێگاکانی پەرەپێدان و بەهێزکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان عێراق و ئەمریکایان کرد.

هاوکات جەختیان لەسەر فراوانکردنی ئاستی هەماهەنگی و هاوکارییەکان لە چەندین بواری جیاوازدا کردەوە، بە جۆرێک کە خزمەت بە چەسپاندن و قووڵکردنەوەی هاوبەشیی ستراتیژیی نێوان هەردوو وڵات بکات.

ئێوارەی رۆژی دووشەممە 27ی نیسانی 2026، لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی، بە فەرمی لەسەر دیاریکردنی عەلی فالح زەیدی، وەک تاکە کاندیدیان بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق رێککەوتن.


PM:08:45:30/04/2026


ئه‌م بابه‌ته 232 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت