سەرۆک کۆمار داواکارە لە دیاریکردنی کاندیدی سەرۆک وەزیران پەلە بکرێت


وێستگەنیوز-

سەرۆک کۆماری عێراق داوا دەکات گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمان پابەندبێت بە وادە دەستوورییەکان و کاندیدی خۆی پێشکەش بکات.

نزار ئامێدی سەرۆک کۆماری عێراق، نزار ئامێدی لە پۆستێکدا تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" دەڵێت، "جەخت دەکەینەوە سەر پێویستیی پابەندبوون بە وادە دەستوورییەکان بۆ پێشکەشکردنی کاندیدی گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمان، چونکە ئەمە شایستەیەکی دەستوورییە و بەرگەی دواکەوتن ناگرێت، هەروەها بەرپرسیارێتییەکی نیشتمانییە و دەکەوێتە سەر شانی هەمووان".

لەبەشێکی دیکەدا دەڵێت، "پەلەکردن لە تەواوکردنی ئەم ڕێڕەوە، سەقامگیریی سیاسی بەهێز دەکات و بەردەوامیی کاری دامەزراوەکان مسۆگەر دەکات، هەروەها وەڵامدەرەوەی خواستی هاووڵاتیانە بۆ پێکهێنانی حکومەتێک کە توانای ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانی و خزمەتکردنی بەرژەوەندییەکانی ئەوانی هەبێت، بەتایبەت لە سایەی بارودۆخێکی هەستیاردا کە پێویستی بە لەپێشخستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی وڵات هەیە".

بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی 24ی نیسانی 2026، کۆبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی لە نووسینگەی هومام حەمودی، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامیی عێراق بەڕێوەبچێت و کاندیدی خۆیان بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران دەستنیشان بکەن.


PM:06:01:24/04/2026


ئه‌م بابه‌ته 120 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت