ئەمڕۆ جارێکی دیکە چوارچێوەی هەماهەنگی کۆدەبێتەوە


وێستگەنیوز-

بڕیارە ئەمڕۆ چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ تێپەڕاندنی بنبەستی سیاسی و دیاریکردنی کاندیدی سەرۆک وەزیران کۆببێتەوە.


بڕیارە ئەمڕۆ هەینی 24ی نیسانی 2026، کۆبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی لە نووسینگەی هومام حەمودی، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامیی عێراق بەڕێوەبچێت.

تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکە بریتییە لە دۆزینەوەی میکانیزمێک بۆ دیاریکردنی کاندیدی پۆستی سەرۆک وەزیران، کە ئێستا بووەتە گرێ کوێرەی بنبەستی سیاسی لە عێراقدا.

سەرەڕای نزیکبوونەوە لە کۆتایی ماوەی دەستووری، لایەنە شیعەکان هێشتا لە نێوان دوو بژاردەی زۆرینەی لایەنەکان یان زۆرینەی کورسییەکاندا بۆ یەکلاییکردنەوەی کاندیدەکەیان دوودڵن و ئەگەری دواخستنی کۆبوونەوەکەش لە ئارادایە.

پێشتر کاوە عەبدولقادر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە وێستگەنیوزی راگەیاندبوو، "تاوەکو رۆژی یەکشەممە مۆڵەت هەیە کە چوارچێوەی هەماهەنگی کاندیدێک بۆ سەرۆک وەزیرانی عێراق دیاری بکات".

ئاماژەی بەوەشدا، "پێشبینی ئەوە دەکرێت پێش ئەوەی وادە دەستوورییەکە کۆتایی بێت چوارچێوەی هەماهەنگی کاندید دیاری بکات".

کاوە عەبدولقادر باسی لەوەشکرد، "ئەو کەسەی کە رادەسپێردرێت کابینەی نوێی حکومەت پێکبهێنێت دەبێت لە ماوەی 30 رۆژدا ئەو کارە بکات و کابینەکەی بهێنیتە بەردەم پەرلەمانی عێراق بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت".

بەپێی دەستووری عێراق، سەرۆک کۆمار دەبێت لە ماوەی 15 رۆژدا دوای هەڵبژاردنی بەربژێری فراکسیۆنی گەورە بۆ پێکهێنانی حکومەت رابسپێرێت.


PM:01:58:24/04/2026


ئه‌م بابه‌ته 260 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت