باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق سەبارەت بە مەترسی درۆن و موشەک هۆشدارییەک بڵاودەکاتەوە
وێستگەنیوز-
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق سەبارەت بە مەترسییەکانی
موشەک و درۆن لەلایەن "میلیشیا تیرۆریستییەکانی عێراق کە هاوپەیمانی
ئێرانن" هۆشدارییەک بڵاودەکاتەوە.
رۆژی دووشەممە، 20ی نیسانی 2026، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق
هۆشدارییەک بۆ هاوڵاتیانی لەبارەی گەشتکردنیان بۆ عێراق بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە،
"میلیشیا تیرۆریستییەکانی عێراق کە هاوپەیمانی ئێرانن، پلان بۆ هێرشی دیکە
دادەنێن دژی هاوڵاتیانی ئەمریکی و ئامانجە پەیوەندیدارەکان بە ئەمریکاوە لە سەرانسەری
عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە. هێشتا هەندێک لایەنی پەیوەست بە حکومەتی عێراق پاڵپشتى
سیاسی، دارایی و ئۆپەراسیۆنی بۆ ئەو میلیشیا تیرۆریستانە دەستبەردەکەن."
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق رایگەیاندووە، جارێکی دیکە
ئاسمانی عێراق بە رووی گەشتەکاندا کراوەتەوە، بۆیە پێویستە هاووڵاتییانی ئەمریکا کە
بیر لە گەشتکردنی ئاسمانی لە رێگەی عێراقەوە دەکەنەوە، هەست بە مەترسییە بەردەوامەکانی
مووشەک و درۆن لە ئاسمانی عێراقدا بکەن.
ئاسمانی عێراق بە رووی گەشتەکاندا لە 8ی نیساندا کرایەوە، لە
دوای راگەیاندنی ئاگربەستی دوو هەفتەیی نێوان ئەمریکا و ئێران.
باڵیۆزخانەی ئەمریکا رایگەیاندووە، هێشتا نێردەی دیپلۆماسیی
ئەمریکا بەردەوامە لە کارەکانی سەرەڕای بڕیاری بەجێهێشتنی ناچاریی وڵاتەکە، ئەوەش
بۆ هاوکارییکردنی هاووڵاتییانی ئەمریکا لە عێراق.
لە بەشێکی دیکەی هۆشدارییەکەدا بە هاوڵاتیانی ئەمریکا لە عێراق
دەڵێت، "هەوڵ نەدەن سەردانی باڵیۆزخانە لە بەغدا یان کۆنسووڵخانەی گشتى لە هەولێر
بکەن بەهۆی مەترسیی ئەمنیی زۆرەوە، ئەگەر پێویستیتان بە هاوکارییە لە رێگەی ئیمەیڵەوە
پەیوەندی بە باڵیۆزخانە یان کۆنسووڵخانەکەمان لە هەولێر بکەن."
PM:02:55:20/04/2026
ئهم بابهته 244
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت