نزار ئامێدی لە یادی ئەنفالدا داوایەک ئاڕاستەی هەردوو حکومەتی هەرێم و عێراق دەکات


وێستگەنیوز-

نزار ئامێدی، سەرۆک کۆماری عیراق لە یادی 38 ساڵەی ئەنفالدا لە پەیامێکدا رایگەیاند، "لە 38 ساڵیادی شاڵاوی بەدناوەکانی ئەنفال کە لەساڵی 1988 لە لایەن ڕژێمی دیکتاتۆریەوە ئەنجام درا، و بوە هۆی شەهیدکردنی زیاتر لە 182 هەزار ژن و منداڵ و بەساڵاچووانی کورد، لە ڕۆڵەکانی گەلەکەمان لە کوردستان، بەڕێزەوە شەهیدە نەمرەکان وەبیردەهێنەوە و سڵاو لەخانەوادە سەربەرزەکانیان".


ئاماژەی بەوەکرد، "شاڵاوەکانی ئەنفال یەکێکە لەقێزەونترین کردەوەکانی جینۆساید لەمێژووی مۆدێرندایە کە شوێنەوارە بە ئازارەکانی لە ویژدانی مرۆڤایەتیدا چەسپاون".

سەرۆک کۆماری عێراق دەڵێت، "لەساڵیادی ئەم کارەساتەدا، داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدرال دەکەین هەوڵەکانیان چڕتر بکەنەوە بۆ دیاریکردنی شوێنی پاشماوەی ڕوفاتی شەهیدانی گۆڕە بەکۆمەڵەکان و گەڕاندنەوەیان بۆ کەسوکاریان، هەروەها دابینکردنی چاودێری زیاتر بۆ برینداربووانی ئەو چەکە قەدەغەکراوە نێودەوڵەتییانە و قەرەبووکردنەوەی مرۆیی و مادی کەسوکاری قوربانییەکان، هەروەها ئاوەدانکردنەوەی ناوچە زیانلێکەوتووەکان بەتایبەتی دوای ئەوەی دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق ئەنفالیان بەجینۆساید و تاوانێکی دژی مرۆڤایەتی ناساند".

دەشڵێت، "جەخت لەگرنگی پتەوکردنی یەکڕیزی نێوان هەموو پێکهاتەکانی گەلی عێراق و پاراستنی دەستکەوتە بەدەست هاتووەکان و سیستمی دیموکراسی بۆ گەیشتن بەئایندەیەکی باشتر لەدادپەروەری و ئاشتی و خۆشگوزەرانی".



نزار ئامێدی

سەرۆک کۆمار


PM:02:24:14/04/2026


ئه‌م بابه‌ته 224 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو