سودانی پیرۆزبایی لە سەرۆک کۆماری عێراق دەکات


وێستگەنیوز-

محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی نزار ئامێدی کرد بەبۆنەی هەڵبژاردنی وەک سەرۆک کۆماری نوێی عێراق لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە.

شەممە 11ـی نیسانی 2026، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە پەیامێکدا پیرۆزبایی لە هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری نوێی عێراق کرد و رایگەیاند، ئەم هەنگاوە وەرچەرخانێکی گرنگە لە بەهێزکردنی رێڕەوی دیموکراسی و تەواوکردنی شایستە دەستوورییەکانی وڵات، هەروەها بە بەرجەستەکردنی ئیرادەی گەلی عێراق وەسفی کرد کە لە رێگەی بەشدارییان لە هەڵبژاردنەکاندا دەریانبڕیوە.

سودانی جەختی لەوە کردەوە، قۆناغی داهاتوو پێویستی بە تەواوکردنی هەنگاوەکان هەیە بۆ پێکهێنانی حکوومەتێکی بەهێز لەسەر بنەما نیشتمانی و دەستوورییەکان، ئاماژەی بەوەش کرد، ئەرکی ئەم حکوومەتە بەردەوامبوون دەبێت لە پرۆسەی گەشەپێدان، ئاوەدانکردنەوە، و بەهێزکردنی پێگەی نێودەوڵەتی و پەیوەندییەکانی دەرەوەی عێراق.

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، سودانی تیشکی خستە سەر ئاڵەنگارییە ناوخۆییەکان و رایگەیاند، پێویستە کار بکرێت بۆ چەسپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت، بەهێزکردنی تواناکانی هێزە چەکدارەکان، سنووردارکردنی چەک لەژێر سایەی یاسا و پاراستنی سەروەریی نیشتمانی، جگە لە رووبەڕووبوونەوەی ئەڵەنگارییە ئابوورییەکان.

لە کۆتاییدا، سودانی سوپاسی سەرۆکایەتی و ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران و هەموو هێزە سیاسییە نیشتمانییەکانی کرد کە بەشداربوون لەم دەستکەوتەدا، هەروەها ستایشی رۆڵی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری کرد لە پاڵپشتیکردنی پرۆسە دەستوورییەکان و پابەندبوون بە کاتە دیاریکراوەکانی دەستوور، بەو هیوایەی هەمووان سەرکەوتوو بن لە خزمەتکردنی عێراق و گەلەکەیدا.


PM:06:16:11/04/2026


ئه‌م بابه‌ته 244 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت