واشنتۆن باڵیۆزی عێراق بانگهێشت دەکات و هۆشداری توند دەداتە بەغدا


وێستگەنیوز-

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ڕۆژی پێنجشەممە، نزار خەیروڵا، باڵیۆزی عێراقی لە واشنتۆن بانگهێشت کرد، ئەمەش وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە هێرشی گروپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران بۆ سەر بنکە دیپلۆماسی و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناو خاکی عێراقەوە.

بەپێی بەیاننامەیەکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، کریستۆفەر لاندۆ، جێگری وەزیری دەرەوە، باڵیۆزی عێراقی بانگهێشت کردووە بۆ گەیاندنی ئیدانەکردنی توندی حکومەتی ئەمریکا بۆ ئەو هێرشانەی کە بەرژەوەندییەکانیانی کردووەتە ئامانج.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند کە واشنتۆن ئەو هێرشانەی بە "کردەوەی تێرۆریستیی قێزەون" وەسف کردووە کە لەلایەن گروپە لایەنگرەکانی ئێرانەوە ئەنجام دەدرێن، لە نێویاندا ئاماژەی بە بۆسەیەک کرد کە لە مێژووی ٨ی نیسان (دوێنێ) دیپلۆماتکارانی ئەمریکی لە بەغدا کردبووە ئامانج.

وتەبێژەکە ئاماژەی بەوەش کرد، ئەمە تەنیا یەک هێرش نییە، بەڵکو لە دوای "سەدان هێرش" دێت کە لە هەفتەکانی ڕابردوودا هاووڵاتیانی ئەمریکی، بنکە دیپلۆماسییەکان، بەرژەوەندییە بازرگانییەکان، وڵاتانی دراوسێ و تەنانەت دامەزراوە و مەدەنییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستانیشیان کردووەتە ئامانج.

ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە سەرەڕای دەستخۆشی لە هێزە ئەمنییەکان، بەڵام پێیان وایە حکومەتی عێراق "سەرکەوتوو نەبووە لە ڕێگریگرتن لەم هێرشانە". هەروەها جەختی کردەوە کە هەندێک لایەنی پەیوەندیدار بە حکومەتەوە هێشتا "یارمەتی سیاسی، دارایی و مەیدانی" بۆ ئەو گروپە چەکدارانە دابین دەکەن، کە ئەمەش کاریگەری نەرێنی لەسەر پەیوەندییەکانی هەردوو وڵات دەبێت.

لە کۆتاییدا، واشنتۆن جەختی کردەوە کە چاوپۆشی لە بە ئامانجگرتنی بەرژەوەندییەکانی ناکات و داوای لە حکومەتی عێراق کرد ڕێکاری دەستبەجێ بگرێتە بەر بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو گروپە چەکدارانەی کە لە ناو عێراقدا بە ئێرانەوە بەستراونەتەوە.


PM:11:55:09/04/2026


ئه‌م بابه‌ته 116 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو