وادەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری عێراق دیاریکرا


وێستگەنیوز-

سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، کۆبوونەوەیەکی فراوانی لەگەڵ سەرۆک فراکسیۆنەکان ئەنجامدا بە مەبەستی تاوتوێکردنی چەند پرسێک، لە سەروو هەمووشیانەوە دیاریکردنی وادەیەک بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و کۆتاییهێنان بە چەقبەستوویی سیاسی.


​سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بڕیاریدا ڕۆژی شەممە 11ی نیسان دیاریبکرێت بۆ بەڕێوەچوونی دانیشتنی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری نوێ.

​لە میانی کۆبوونەوەکەدا، چەند پرسێکی گرنگی پەیوەست بە کاری پەرلەمان گفتوگۆیان لەسەر کرا، لەوانە، تاوتوێکردنی ئەو یاسا گرنگانەی کە بڕیارە لە دانیشتنەکانی داهاتوودا بخرێنە بەرنامەی کارەوە، هەروەها هەنگاونان بۆ تەواوکردنی دەنگدان لەسەر ئەندامانی لیژنە هەمیشەییەکانی ئەنجوومەن بۆ ڕێکخستنەوەی کارە چاودێرییەکانی پەرلەمان.

​سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران جەختی لە پێویستی تێپەڕاندنی قەیرانەکان کردەوە و داوای لە سەرۆک فراکسیۆن و کوتلە سیاسییەکان کرد، ​"بەرپرسیارێتی مێژوویی و دەستووری خۆیان هەڵبگرن بۆ تەواوکردنی شایستەکان و پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێز، کە بتوانێت بەرەنگاری ئەو ئاڵنگارییە ئەمنی و ئابوورییانە ببێتەوە کە وڵات پێیدا تێپەڕ دەبێت".


AM:10:02:30/03/2026


ئه‌م بابه‌ته 120 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت