لایەنی عێراقی و ئەمریکی بڕیار دەدەن هاوکارییەکان بۆ پێشگرتن لە هێرشە تیرۆریستییەکان چڕتر بکەنەوە


وێستگەنیوز-

لایەنە عێراقی و ئەمریکییەکان بڕیاریاندا هاوکارییەکان چڕتر بکەنەوە بۆ ڕێگریکردن لە هێرشە تیرۆریستییەکان و دڵنیابوون لەوەی خاکی عێراق وەک خاڵی دەستپێکردن بۆ هەر دەستدرێژییەک بۆ سەر گەلی عێراق بەکارنەهێنرێت.


باڵیۆزخانە ئەمریکا لە بەغدا رایگەیاند، "لە چوارچێوەی هاوبەشیی ستراتیژیی نێوان عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و لە میانەی ساڵانێکی زۆر لە دۆستایەتی و هاریکاریی ستراتیژیی هاوبەش لە بوارەکانی سیاسی، ئابووری و ئەمنیدا- کە بە هەوڵە هاوبەشەکان بۆ تێکشکاندنی داعش گەیشتە لوتکە- بڕیاردرا لیژنەی باڵای هەماهەنگیی هاوبەش پێکبهێنرێت".

ئاماژە بەوەکراوە، "دوێنێ، ٢٦ی ئاداری ٢٠٢٦، لە یەکەمین کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای هەماهەنگیی هاوبەشدا، هەردوو لایەنی عێراقی و ئەمریکی بڕیاریاندا هاریکارییەکان چڕتر بکەنەوە بۆ ڕێگریکردن لە هێرشە تیرۆریستییەکان و دڵنیاییدان لەوەی کە خاکی عێراق وەک خاڵی دەستپێک بۆ هیچ جۆرە دەستدرێژییەک دژی گەلی عێراق، هێزە ئەمنییەکانی عێراق، دامەزراوە و سامانە ستراتیژییەکانی عێراق، هەروەها دژی کارمەندانی ئەمریکی، نێردە دیپلۆماسییەکان و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بەکارناهێنرێت".

هەردوو لا جەختیان لەسەر پابەندبوونی خۆیان کردەوە بۆ هێشتنەوەی عێراق لە دەرەوەی بازنەی ململانێ سەربازییە بەردەوامەکانی ناوچەکە، بە ڕێزگرتنی لە سەروەرییەکەی بە تەواوەتی و پشتیوانیکردنی عێراق لە دڵنیاییدان لەوەی کە ناکرێت خاک، ئاسمان و ئاوە ناوچەییەکانی بۆ هەڕەشەکردن لە عێراق، یان وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکە بەکاربهێنرێن.

هەردوو لایەن دووپاتیان لە نوێکردنەوەی پابەندبوونی خۆیان کردەوە بۆ هەماهەنگیکردن لە هەوڵەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بە شێوەیەک کە پێشینە بدات بە هەنگاوەکانی عێراق بۆ بەدیهێنانی ئامانجە هاوبەشەکان، بە جۆرێک کە سەقامگیری بپارێزێت و پارێزگاری لە سەروەریی عێراق بکات.


PM:11:07:27/03/2026


ئه‌م بابه‌ته 112 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت